رۆژی جیهانیی زمانی دایک و دایکانی کورد

Kurd24

رۆژی 21ی شوبات لە لایەن یۆنسکۆوە بە ناوی 'ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک' دیاریکراوە. هەر لەبەر ئەمە، بۆ هۆشیاری و ناساندنی گرنگی ڕەنگاوڕەنگی فەرهەنگەکان و زمانەکان لەسەر ئاستی جیهاندا، زۆر بۆنە و کۆڕ دەبەسترێت و زۆر بابەت و نووسین بڵاو ئەکرێتەوە. مێژوو و چیرۆکی ناونانی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە بەنگلادیش بەشێک لە پاکستان بوو و زمانی بەنگالی بە زمانێکی فەرمی نەناسرابوو. دوای ئەوەی کە پاکستان لە ساڵی 1947 دروست بوو، بەنگلادیشی ئەمڕۆ بە پاکستانی ڕۆژهەڵات ناونرابوو و زمانی ئوردو بە زمانی وڵات ناسێنرابوو. بەنگلادیشییەکان بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان داوای ئەوەیان کرد کە زمانیان بە فەرمی بناسرێت. ئەمە بە بزووتنەوەی زمانی بەنگالی ناسرا کە بزووتنەوەیەکی سیاسی بوو. لە ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1952 پۆلیس گولەی دژ بە خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەکە تەقاند و چەندەها کەس گیانیان لە دەستدا. بەنگلادیش لە ساڵی 1971 لە پاکستان جیابووەوە. لە ساڵی 1999 حکومەتی بەنگلادیش داوای کرد 21 ی شوبات بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دیاری بکرێت.

نیوەی یەکەمی سەدەی بیست قۆناغێک بوو کە دەوڵەت-نەتەوەکان دروست ئەبوون و بە کارگرتنی سیاسەتی یەک زمانی باو بوو، کە ئەم سیاسەتە مافی ئەوانی تری پێشێل ئەکرد. بە پێچەوانەوە لە دوا نیوەی سەدەی بیستەمدا، هاوشان لەگەڵ بەرز بوونی داواکارییەکان بۆ مافی زمانی و فەرهەنگی، لێکۆڵینەوەی تیۆری و مەیدانییەکانی زمانناسەکان کەوتنە گڕ بۆ ئەوەی کە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگەکان و زمانەکان بناسرێت و پێگە و بەهایان بۆ مرۆڤایەتی ڕوون بکرێتەوە. ترس لەوە بوو کە مرۆڤ بە دەستی خۆی ڕەنگاوڕەنگی و جۆراوجۆری لەسەر زەوی لەناو ببات و ئیتر ژیان مانایەکی نەمێنێت.

هەر لەسەرەتاکانی بەرزبوونی دەنگەکان بۆ مافی فەرهەنگی و زمانی، کوردیش لە هەرچوار پارچەی کوردستان گرنگی ئەم پرس و باسەی بۆ ڕوون بوو. لە مێژ بوو کە زمان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی تێکەڵی یەکدی ببوو. ئیتر هەوڵی جۆراوجۆر درا بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتەکانی تواندنەوە و  پەراوێز خستن. هەر لە نووسینی فەرهەنگی وشەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە بگرە، تا هەوڵ بۆ ناساندنی پرسی کورد لە ناوەندە ئاکادیمییە جیهانییەکان. بۆ نموونە، ئەمیر حەسەنپووڕ لەو زانایانە بوو کە بە هاوکاری ئاکادیمییە ناسراوەکانی بواری زمان داکۆکی لە ناساندنی پرس و ترسەکانی پەیوەند بە زمانی کوردەوە کرد. لە بڵاوکراوەی نێونەتەوەیی کۆمەڵناسی زمان لە ساڵی 2012 کە بە ئینگلیزی دەردەچێت، ئەمیر حەسەنپووڕ و هاوکارانی بڵاوکراوەیەکی تایبەتییان لەسەر پرس و باسەکانی پەیوەند بە زمانی کوردی و زارەکانی لە پارچەکانی کوردستان بڵاو کردووەتەوە. ئەم هەموو هەوڵ و تەقالا بۆ ئەوەیە کە زمانی کوردی زیندوو بمێنێت. دیارە سەرەکیترین پرس بۆ کورد ئەوە بووە کە نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کورد مافی ئەوەیان هەبێت کە بە کوردی قسە بکەن و بخوێنن، کە ئەم پەروەردە بوونە گرنگییەکی زۆری هەیە لە گەشە و پێگەیاندی دەروونی و جەستەیی نەوەکانی کورد.

جا لێرەدا بەشکە ئەم پرسیارە دروست بێت کە لەم مێژووە و لەم هەموو خەبات و هەوڵ و کۆششە و لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك، جێگەی دایک و دایکانی کورد لە کوێیە؟ دایک بوون ڕۆڵێکی سروشتی و کۆمەڵایەتی/خێزانی ژنە. بەڵام ژن هەم لە ڕووی بایۆلۆژییەوە و هەم وەکو بەشێکی هاوشانی پیاو لە کۆمەڵگادا، ئەتوانرێت لە دەرەوەی ڕۆڵی دایک بوون و لە ناو خێزان سەیر بکرێت. جیاکاری ڕۆڵی دایک و پێگەی ژن لە ڕووی تیۆرییەوە گرنگە بۆ ناسینی دەور و کاراییەکانی ژن لە کۆمەڵگادا.

لە ڕوانگەی تیۆریی و بابەتی بوونەوە، ئەمە کە ژن لە ژێر ناونیشانی فیمینیسم داواکار و داکۆکیکاری مافی خۆیانن، سێبەری لەسەر ئەمە گرتووە کە ژنان ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان وەکو دایک بزانن کە زمان فێڕی منداڵانی بکات. نەک تەنیا مافیش، بەڵکو بزووتنەوە ژنانی کورد کار لەسەر ناسین و ناساندنی ئەو حاڵ و ئەحواڵ و باروودۆخە ئەکات کە ژنی کوردی لە دەورە مێژووییەکاندا پێیدا تێپەڕیوە و کەسایەتی ژنی کوردی دروست کردووە. خاتوو نەزەند بەگیخانی لە لێکۆڵینەوەیەکی بە ناونیشانی 'تیۆری کردنی ژن و شەڕ لە کوردستاندا: لە ڕوانگەیەکی فمینیستی و ڕەخنەگرانەوە'، باسی ژنی کورد ئەکات کە لە ناوچە جیاوازەکان و دەورە مێژووییەکان چۆن ژن سەیری خۆی کردووە و چۆن سەیر کراوە. لە لایەکەوە کەسایەتییەکی ژنی کورد هەیە کە هاوشانی پێشمەرگە پیاوەکان شەڕ ئەکات، لە لایەکی ترەوە ژنانێکی تری کورد قوربانی تیرۆر و شەڕی تیرۆر ئەبن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە ئەکرێت. تەوەری رەگەزی مێ و مافی ژن و فیمینیسم لە بوارە هەرە دیارەکان بووە کە لە سەدەی بیستەم دروست بووە. بەو مانا کە ژن وەکو تاک، ڕەگەز، یان بوونێکی جیا و جودا، بە بێ هیچ پەیوەست بوونێک بە خێزان و کۆمەڵ و ئەوەکانی تر، سەیر بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. ژن وەکو دایک ئەکەوێتە ناو خێزانەوە، کە زیاتر ڕۆڵێکی هەرە دیاری ژنە کە ڕەنگ و بۆنی دین و هۆز و بنەماڵەی پێوەیە.

گرنگی باسەکەی خاتوو بەگیخانی لەوەیە کە ژنی کورد و شەڕ لێک نیزیک ئەکاتەوە. شەڕە درێژ و یەک لە دوای یەکەکان کە هەر ماوەیەک بەرۆکی میللەتی کورد ئەگرێت، جۆرە پێناسە و پێگەیەکی ناسەقامگیری بۆ ژنی کورد دروست کردووە. بە جۆرێک ئەتوانین بڵێین کە بە هۆی ئەمەوە خێزانی کوردی شڵەژاو بووە.

ژنانی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە هێشتا لە ناخۆشییەکانی شەڕی ئێڕان و عێراق و ئەنفال و کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە دەرنەهاتوون، ئەمڕۆ شەڕێکی تر بە ناوی شەڕی داعش یەخەی گرتوونەتەوە کە ئەبینین جەرگی زۆر دایک و هاوسەر و کچ سووتاوە بە شەهید بوونی کوڕێک، مێردێک یان باوکێک. ئەم کارەساتانە کاریگەری دەروونی لە ژن، وە بێشتر ژن وەکو دایک ئەکات. مرۆڤ کە زۆری بەسەردا هات بێدەنگ ئەبێت و زمانی قسە کردنی لاواز ئەبێت. ئیتر دایک کەمی هەیە بۆ گێڕانەوە. ئەوەشی کە هەیەتی زمانێکی تاڵ و دەردەدارە. ئەم وێنەیە لە ناو خێزانی کوردی زۆر بینراوە کە دایک لە گۆشەیەک بە تەنیایی بۆ خۆی دەگری و سەرمۆر دەهێنێت و سۆز دەکات. ڕادەی ئەم هەموو نائارامییانە مەجالی ئەوەی نەداوە کە ژنی کورد تۆزێک بە کوردی بیر لە خۆی بکاتەوە، تۆزێک وەکو مرۆڤێکی ئازاد سەیری خۆی بکات، خۆی لە دەرەوەی هەر بنکە و بنەوا و پەیوەست بوونێکی کۆمەڵایەتی ببینێت، وە دیسانەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی پێناسەیەکی نوێی خۆی بکاتەوە.

لە ڕاستییدا ئەگەر بە چاوێکی فراوانتر بڕوانین، بە هۆی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانەوە، کورد و کورد بوون، بە نێر و مێیەوە، بە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکانییەوە، زۆری بەسەردا هاتووە کە پێویستە زۆر بە وردی لە دەروونناسی کورد لێکۆڵینەوە بکرێت.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەم مێژووە تاڵە و ئەم باروودۆخە ئاڵۆزە، ئایا چاوەڕوانی لە دایکانی کوردی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکووری کوردستان ئەکرێت کە پێشەنگی زمان پارێزی بن؟ هەرچەند فرەی منداڵان لە باوەش و داوێنی دایک گەورە دەبن و خێگرتن بە دایک دەور و کاریگەری زۆری هەیە وە بە باشترین و سروشتی ترین قۆناغی ژیان دەناسرێت بۆ دروست بوونی کەسایەتی مرۆڤ، بەڵام تەنیا ئەرکی دایک نیە زمان بە منداڵەکەی بناسێنێت. ناونیشانی 'زمانی دایك' ئەکەوێتە چوارچێوەی نێرینە و مێینە کردنی شتەکان کە لە تایبەتمەندییەکانی زمانی مرۆڤە، وەکو ئەوەی لە زمان و ناوچەیەک ئەوترێت خاکی باوک و باپیران، وە لە شوێنێکی تر ئەوترێت خاک و سەرزەمینی دایك.

ئەوەی کە زۆر گرنگە بۆ کورد ئەوەیە کە گرنگی بە زانست و بەرهەمە زانستییەکان بدات. دروستە فێربوونی زمان لە خێزان زۆر گرنگە، بەڵام پەروەردەی مۆدێرن زۆر چاو لەسەر ئەو دام و دەزگا پەروەردەییانە دەگرێت کە ڕەوش و پرۆگرامی تایبەتی سەردەمییانەیان بۆ پێگەیاندنی منداڵان هەیە. هەروەها ڕادەی کارایی و خێرایی ئەم جۆرە پەروەردانە کاریگەری ئەرێنی لە گەشەی خێرای وڵات ئەکات و ئیتر شێوەکانی کۆن کە کاریگەری و خێرایی بەهایەکی وای لەلادا نەبووە لادەبرێت. دایەنگەکان کە قۆناغی پێش قوتابخانەی سەرەتاییە، وەکو قۆناغێکی هەستیار ئەتوانێت کاریگەری زۆر ئەرێنی لە کەسایەتی منداڵی کورد بکات. هەر لەو قۆناغەوە ئەتوانرێت منداڵ بە زمانێکی کوردی پاراو گەورە بکرێت و بەها و گرنگی زمانی کوردی لەلادا بەرجەستە بکرێت. ئەم قۆناغە ئەتوانێت لە قۆناغەکانی داهاتووی پەروەردە کاریگەری زۆری هەبێت، وە بە پێچەوانەشەوە، کەمکاری لەم قۆناغە ئەتوانێت فرە کاریگەری نەرێنی لە ناسنامە و کەسایەتی کوردی ئەو منداڵە بکات. ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە دایەنگەکان دیسان ئاماژەیەکی ڕوونە بە توانایی ژنان بۆ گەیاندنی زمان.

لە کۆتاییدا، لە ڕۆژی زمانی دایك ئەوە بەرز ئەنرخێنرێت کە زمانەکان پێشینە و مێژووی فەرهەنگی مەردوومانن. بە پاراستنی زمانەکان زۆر سەرچاوەی ناسینی مرۆڤی و فەرهەنگی بۆ مرۆڤایەتی ئەمێنێت. حەتا نەفەوتانی یەک وشە ئەتوانێت پەنجەرەیەک بێت بۆ زۆر هەست و هزری مرۆڤی. ئەم ڕۆژە بە تایبەتی گرنگە بۆ ئەوانەی کە مافی زمانییان بە فەرمی نەناسراوە و لە هەوڵی ئەوەدان کە زار و زمانیان بپارێزن و گەشەی پێبدەن. وە بە دڵنییاییشەوە هەموو تاکەکان و دام و دەزگاکان بە تایبەتی کەرتی پەروەردە ئەرکی ئەوەی لەسەر شانە بەردەوام ڕاڤەی بەرنامەکانی بکات. چوونکە زمان بۆ مرۆڤ وەکو ئاوی پاک و شیرین بۆ جەستەیە کە مرۆڤ هەموو کات پێویستی پێیەتی. 

 

سەرچاوەکان

1. تکایە بۆ بینینی بڵاوکراوەکەی ئەمیر حەسەنپووڕ و هاوڕێکانی لە بڵاوکراوەی نێونەتەوەیی کۆمەڵناسی زمان سەردانی ئەم لینکە بکەن. International Journal of the Sociology of Language Volume 2012 Issue 217 - The Kurdish Linguistic Landscape: Vitality, Linguicide and Resistance (degruyter.com)

2. هەروەها تکایە بۆ خوێندنی لێکۆڵینەوەکەی خاتوو نەزەند بەگیخانی و هاوڕێکانی سەیری ئەم لینکە بکەن.  Theorising women and war in Kurdistan: A feminist and critical perspective | Kurdish Studies