"هونەری تارمایی" لە هەولێر نمایشکرا

کارەکان گوزارشت لە رووداوەکانی رابردوو دەکەن

K24 - هەولێر

بورهان سابیر، ماوەی 50 ساڵە ئەزموونی كاری هونەری دەكات، كارەساتەكانی جەنگ و پاشماوەكانی، وەك تارماییەكی ئازار بەخش لە كارە هونەریەكەیدا رەنگی داوەتەوە، هونەری تارمایی کە گێڕانەوەیەكی سیمبولیە بۆ بارودۆخی مرۆڤایەتی لە هەولێر نمایش کرد. لە نمایشەکەدا ئەو هونەرمەندە 50 كاری هونەری بە بارستە و قەبارەی جیاواز پێشان دا، كە لەنێوان ساڵانی 1988 تا 2020 لەماوەی ئەزموونی هونەری خۆیدا بەرهەمی هێناون.

‎هونەرمەند بورهان سابیر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەم نمایشەدا پەیامم ئەوەیە خەڵک ئاوڕ بداتەوە و واز لە توندوتیژی بنێنن، داوای ئاشتی دەکەم".

‎ئەو نمایشە، دەنگدانەوەی خەیاڵێكی رەسەنە كە لە جیهانی ناوەوەی هونەرمەندەوە هاتووە. ئەم خەیاڵە كاریگەرە بە هونەری شارستانیەكانی كۆن و كەشێكی رۆحی و ئایینیش وەردەگرێت و دەچێتە سنووری پیرۆزییەكانەوە، كە ئەمەش سەركێشی ئازادییەكانی تەواوی ئەم هونەرمەندە دەردەخات، لە خۆنەبەستنەوە بە تەنها رێڕەوێك.

ئەحمەد نەبەز، سەرپەرشتی پێشانگاكە بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی سێ مانگ ئامادەکارییمان کرد، بۆ ئەو پێشانگایە، کارەکانی هونەرمەند زیاتریان تراژیدین، گوازرشت لەو رووداوانەی دەکات کە بەسەر مرۆڤ دێن و ناتوانی لێیان دەرچێت".

گوتیشی: "رووداوەکانی رابردوو کاریگەریان بەسەر ئەو هونەرمەندەوە هەبوو، چونکە خۆی سەربازێکی بەرەکانی جەنه بووە، چەندین کەسی خۆی بەهۆی جەنگ لەدەستداوە، بۆیە ئەمە لە کارەکانی رەنگیداوەتەوە".