خەپە گیان "ساوار"ی بڵاوکردەوە

ئاراس فاتح: پڕۆژەکەم 36 گۆرانییە و هەموو پەیامی جیاوازی تێدایە
دیمەنێکی ڤیدیۆکلیپی ساوار
دیمەنێکی ڤیدیۆکلیپی ساوار

K24 – هەولێر

هونەرمەند ئاراس فاتح، ناسراو بە "خەپە گیان" لە نوێترین کاری هونەریدا ڤیدیۆ کلیپێکی بەناوی ( ساوار) بڵاو کردەوە.

ئاراس فاتح، بە کوردستان24ی راگەیاند: "گۆرانی ساوار یەکێکە لە پڕۆژە نوێیەکەم کە 10 ساڵە بیرۆکەم بۆ داناوە، پێشتریش هەردوو ڤیدیۆ کلیپی "کوردستانی من" و "دەڕژێ"م بڵاوکردووەتەوە و ساوار سێیەم گۆرانیە، لە پڕۆژەکەمدا هێشتا 36 گۆرانی ماوە".

گوتیشی: "هەر گۆرانیەک لەسەر بابەتێکی تایبەتە و سیناریۆ و گۆرانییەکان پەیامی گرنگیان تێدایە".

هونەرمەند ئاراس فاتح، ئاماژەی بەوەدا: "چیرۆکی گۆرانی ساوار، لە کۆیە وەرمگرتووە، ئەو جۆرە ساوار کوتانە لە دێرزەمانەوە لە سنووری هەولێر و رواندز و کۆیە، هەروەها لە سنووری سلێمانیش هەبووە، من چەند شێوازێکم تێکەڵ کردووە، چەند ساوارکوتێک کە هێشتا لە ژیاندا ماون زانیاریان پێداوم و هاوکاریان کردووم".

داواش لە بینەران دەکات "بە وردی تەماشای کلیپەکە بکەن، چونکە هەموو دیمەن و وشەکان پەیامی تایبەتیان تێدایە، گرنگترین پەیامیش پێکەوەژیانی ئایینییە، بۆ نموونە لە کۆیە خەڵک لە هەموو ئایینەکان پێکەوە هەروەزیان کردووە لەکاتی گەنم دروین و ساوارکوتان پێکەوەبوونە".