هونەرمەندێکی کورد "وێرانییەکانی جەنگ" لە پۆڵەندا نمایش دەکات
K24 – هەولێر
هونەرمەندی شێوەکاری کورد حەمە هاشم، لە پۆڵەندا پێشانگایەکی کردەوە، کە گوزارشت بوو لە وێرانییەکانی جەنگ.
لەبارەی پێشانگاکەی حەمە هاشم رایگەیاند: " لە ( Bwa Krosno Sztuki) گەلێری ماڵی ھونەری کرۆسنۆ لە پۆڵەندا، بە ھاوکاری دامەزراوەی کولتوری ( والیزکا) و ھونەرمەندی پێرفۆڕمێر (یوانا سارنێچکا) و ھاوڕێی ھونەرمەند (نیھاد جامی) پێشانگای تایبەتیم کرایەوە، کە بینەرێکی زۆر لەسەر ئاستێکی بەرز دیدەنی نمایشەکەیان کرد، ھاوکات سەرۆکی شارەوانی کرۆسنۆ ئامادەبوو".
ئاماژە بەوەشکرد: "پێشانگاکە ئەزموونێکی تازەبوو بەناوی ( وێرانکارییەکانی جەنگ) ئەزموونەکە ھەم وەک تەکنیک و ھەم وەک فۆڕم، جۆرێکە لە ئەبستڕاکتی دەربڕینخوازی، بەڵام زیاتر شێوەی تێکشکاو لە کارەکاندا ھەیە، کە دیوە دەربڕینگەرییەکەی دەرخستووە، ئەمەش لەپێناو گەیشتنی فۆڕمێکی مانا ھەڵگر بۆ وێرانییەکانی جەنگ، چونکە کرۆسنۆ شارێکی نزیکی سنوورە لەگەڵ ئوکراینا".