كۆنسێرتێكی میوزیکی کوردی و جیهانی لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ئۆكێسترای كوردستان رایگەیاند كۆنسێرتێكی گەورەی میوزیكی كوردیی و جیھانی لە ھەولێر رێكدەخەن و ژمارەیەك لە میوزیكژەنی بە توانا بەشداری لەو كۆنسێرتە دەكەن.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) هەڤاڵ حەمەد، سەرۆکی ئۆرکێسترای کوردستان رایگەیاند: "بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە بە بەشداری 34 میوزیکژەنی بەتوانا و بە رابەرایەتی مایسترۆ چەتۆ نەورۆز و 7 میوزیکی جیهانی و 3 میوزیکی کوردی نمایشەکەیان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لەهەولێر پێشكەش بكرێن".

گوتیشی: "بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ ئەو چالاكییە وەک ئۆرکیسترای کوردستان ماوەی دوو مانگ بە بەردەوامی پرۆڤەمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانین جوانترین نمایشی هونەری میوزیک پێشکەش بە ئامادەبووان بكەین".

ئاماژەشی بەوەدا: "بەشداری كردنی خەڵك لەم كۆنسێرتەدا بە خۆڕاییە، بەڵام گەر جەماوەر ھاوكارمان بن لە كۆنسێرتی داھاتوو ھەڵدەدەین بە پلیت بێت بۆ ئەوەی پارەكە وەك پاداشت پێشكەش بە میوزیكژەنان بكەین.