داعش چوار شوانی ڕفاند
K24 - هەولێر:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری گوندی تاموری سەربەقەزای داقوق، چوار شوان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندران.
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی خورماتو بەکوردستان24 ڕاگەیاند، ئەو چوار کەسەی لە نزیك خورماتوو ڕفێندراون لە نەتەوەی عەرەبی سونە مەزهەبن و ھەر چواریان شوان بوونە.
سەرچاوەکەی ئاسایشی خورماتوو گوتیشی: "دوای گەیشتنی زانیاری بە ھێزە ئەمنیەکان سوپا و پۆلیس کەوتوونەتە سۆراغی ڕفیندراوەکان بەڵام چارەنووسیان دیار نییە و دڵنیا بوونەتەوە کە داعش ڕفاندوونی بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەمە لە کاتیکدایە ھەفتەی رابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی داودەی گەرمیان شوانکارێکی دیکەیان ڕفاند، بەپێی زانیاریەکانی دەست کوردستان24 کەوتووە، داعش داوای بڕی پانزە دەفتەر دۆلاری کردووە لە بەرانبەر ئازاد کردنی.