وەزیری نەوتی عێراق: گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دروستن

"پێویسته‌ هەردوو لایەن سازش لە بەشێك لە داواکارییەکان بکەن"
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عێراق
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، 80%ی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دروستن ته‌نیا پێمانوایه‌ كێشه‌ له‌ 20%ی گرێبه‌سته‌كان هه‌یه‌ و دەشڵێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبوونی متمانەیە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فوڕات ئاشكرای كرد، گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سه‌رپێچی گەورە نین و سەرجەمیان دروستن، ئەوان تەنیا کێشەیان لەگەڵ لەسەدا 20یان هەیە و پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەك وەزارەتی نەوت رێگەچارەیەکیان خستووه‌تەڕوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی.

وەزیری نەوت گەشبینی خۆی نیشانداوە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە پێشنیازەکەیان رازیببن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دەبێت هەردوو لایەن سازش لە بەشێك لە داواکارییەکان بکەن؛ بۆ ئەوەی بگەنە رەشنووسێکی هاوبەش.

جەختیشیکردووه‌تەوە، ئەوان بە بەپرسانی هەرێم و شانده‌کەیان گوتووە، ئێمە پابەندین بە سێ خاڵەوە، کە ئەویش پێداچوونەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی کوردستانه‌، کە سەر بە حکومەتی فیدراڵ بێت و بارەگاکەی لە هەولێر بێت، لەگەڵ سیاسەتی په‌رەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردن، کە بە هاوبەشی لەنێوان هەرێم و بەغدا بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەبارەت بە بۆچوونی حکومەتی هەرێم، ئیحسان عەبدولجەبار روونیکردەوە، بەرپرسانی هەرێم پێیانوایە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ رادەستکردنی نەوتەکەیان بۆ ئەوان ناچاری نییە و پێوه‌ پابه‌ند نابن، بەڵام ئێمه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پێمانوایە ئێمە ناچارین پێوەی پابەند بن.

وەزیری نەوتی عێراق دەشڵیت، هه‌رچه‌نده‌ رێز له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی ده‌گرین، به‌ڵام بابه‌تی نه‌وت بڕیاری سیاسی هه‌ڵناگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وت بابه‌تێكی بازرگانییه‌، ئێمه‌ ده‌بێت خۆمان بگونجێنین، پێویسته‌ بابه‌ته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.