لە رۆژئاوای عێراق دوو فەرماندەی حەشدی شەعبی كوژران
K24 - ههولێر:
لە ئاکامی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق، دوو فەرماندەی حەشدی شەعبی کوژران و سێ چەکداری دیكهش برینداربوون.
ئەفسەرێك لە سوپای عێراق بە پلەی موقەدەم، کە ناوهكهی ئاشكرا نهكراوه، بە ئاژانسی ئهنادۆڵی راگەیاند، بۆمبێک بە ئۆتۆمبێڵی یاریدەدەری فەرماندەی لیوای 19ی سەر بە حهشدی شەعبی لە بیابانی پارێزگای ئەنبار تەقییوەتەوە.
ئهفسهرهكه ئاماژەی بەوە كرد، لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، ئەحمەد خالید کوژراوە و سێ چەکداری حەشدی شەعبیش برینداربوون.
ھاوکات دەستەی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە بیابانی پارێزگای ئەنبار، فەرماندەی لیوای 14ی سەر بە حەشدی شەعبی، ئەبو حەسەن جابر کوژراوە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"یان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
ههرچهنده عێراق لە ساڵی 2017ـهوه سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاكی عێراق راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگهی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووك، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.