هونەرمەندانی کورد گۆرانی دەکەنە جەژنانە

هونەرمەندان لە بۆنەیەکی ئایینیدا بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە
جەژنانەی هونەرمەندان
جەژنانەی هونەرمەندان

K24 - سلێمانی:

جەژنی رەمەزان، سرووتێکی ئاینییە، بەگوێرەی نەیتی وڵاتان، خواردن و خواردنەوە، پارە و کەلوپەل، وەک جەژنانە دەدرێت بە میوان و ئەو کەسانەی لە جەژندا سەردانی ئازیزانیان دەکەن، بەڵام ئەمساڵ لە جەژنی رەمەزاندا، هونەرمەندان گۆرانییان کردووەتە جەژنانە.

ئەو ژمارە گۆرانیەی ئەمساڵ لە جەژندا بڵاوکراونەتەوە، زۆرینەیان گۆرانی شادن، بەشێک لە هونەرمەندەکان ئەوەیان نەشاردوەتەوە، کە دەیانەوێت بەرهەمەکانیان لە کاتی دڵخۆشی خەڵکدا بڵاوبکەنەوە، بۆیە جەژنیان بە کاتێکی گونجاو زانیوە.

گۆرانی جەژنە، بەرهەمێکی نوێی هونەرمەند نەڤید زەردییە، کردوویەتی بە جەژنانە بۆ هەوادارانی، ئەو هونەرمەندە لەبارەی بەرهەمەکەیەوە دەڵێت، ئەو کەسانەی گۆرانییەکانی بڵاودەکەنەوە، هەلی بردنەوەی دیارییان دەبێت.

جەژن، لەگەڵ ئەوەی بەشێکە لە سرووتە ئاینییەکان، بەڵام دڵخۆشی و شادی هاوڵاتیان و بە تایبەت منداڵان لە جەژندا، بەشێکی گرنگی رێورەسمەکانی رۆژانەی جەژنە، هونەرمەند نازدار، جەژنانەکەی بۆ هەوادارانی گۆرانییەکە بەناوی (شادی و شایی).

هەروەها (شیرینە یارم) گۆرانییەکی شادە، کە هونەرمەندان عەزیز وەیسی و ئاراس محەمەد بە هاوبەشی گوتویانە و لە جەژندا بڵاویانکردووەتەوە.

یەکێک لە نەریتەکانی جەژن، خۆڕازاندنەوە و لەبەرکردنی جلوبەرگی جوانە، کارزان فاروقی هونەرمەند، لەم جەژنەدا گۆرانی (موروی شین)ی بڵاوکردەوە، بۆئەوەی جوانییەکان بە موروی شین بپارێزن لە چاوی "پیس".

جیاواز لە هونەرمەندانی دیکە، کەمال محەمەد، بۆ جەژن گۆرانی (پەپولە)ی جارێکی دیکە تۆمارکردووەتەوە و دوای ئەنجامدانی کلیپێکی نوێ، جارێکی دیکە بڵاویکردووەتەوە.

جەژن کاتی لێخۆشبوون و ئارام بوونەوەی رۆحە، لەم جەژنەدا گۆرانی (روحەکەم) لەلایەن رۆژ کەریمی هونەرمەندەوە بڵاوکراوە، کە تێیدا باس ئازاری رۆحی ئاشقان دەکات، کاتێک لەیەک دابڕاون.

بۆ رۆژانی جەژن، گۆرانی هونەرمەندانی ساڵانی رابردوو لەبیرنەکراون، لە دوێتێکدا هەر یەک لە هونەرمەندان، خەندە کەرکوکی و ئومێد شوانی، سێ گۆرانی کوردییان گوتوەتەوە، کە بریتین لە گۆرانییەکانی (سەوزەڵێ - حەسەن گەرمیانی، ئەرێ وەی وەی – ئەحمەد شەماڵ و دەسماڵێ و دەسماڵێ - عەدنان کەریم).

هەروەها هونەرمەند ئاریاس جەڤان، گۆرانییەکی نوێی بەناوی (تایبەتە) بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "بە شانازیەوە پێتان دەڵێم، کە ئەم بەرھەمە، یەکێکە لە جوانترین بەرھەمەکانم".