بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو داڕما

بەهای بیتکۆین بۆ ئاستی 27 هەزار دۆلار داكه‌وت
دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان داكه‌وتنێكی به‌رچالویان تۆماركرد
دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان داكه‌وتنێكی به‌رچالویان تۆماركرد

K24- هه‌ولێر:

شەپۆلی فرۆشتن بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی سوورپۆش کردووە، بەهۆیەوە بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو و خێرا دابەزیوون، لەچەند کاتژمێری رابردوودا دۆخێکی دڵەڕاوکێ بەهۆی بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی پێنوێنی ترس و چاوچنۆکی "Crypto Fear & Greed Index"، دۆخێکی شڵەژان باڵی بەسەر بەکاربەری دراوە ئەلیکترۆنییەکاندا کێشاوە، بە جۆرێك پێنوێنەکە لە کەمترین ئاستی ساڵی رابردوویدایه‌، کە بۆ 12 خاڵ دابەزیوە لە کاتێکدا لە مانگی رابردوو 50 خاڵی تۆمارکردبووە.

بەهای بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا و بە دیاریکراویش لە پێنجی ئەم مانگەوە، 700 ملیار دۆلاری لە دەستداوە، واتە لە ترلیۆنێك و 820 ملیار دۆلارەوە بۆ ترلیۆنێك و 120 ملیار دۆلار دابەزیوە. هەروەها تەنیا لە دوێنێ چوارشەممەوە، واتە لە شەو و رۆژێکدا 300 ملیار دۆلاری لەدەستداوە.

زیانمەندی سەرەکی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بیتكۆینە، کە گەورەترین و بە بەهاترینیانە، بە شێوەیەك لە چەند کاتژمێرێکدا 5 هەزار دۆلاری لەدەستدا. بەگشتیش بۆ کەمترین ئاستی لە دوای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2020ـەوە دابەزی، بەهای بیتکۆین لە دوایین مامەڵەکانیدا زیاتر لە سەدا 12%ی به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستدا و بۆ 26 هەزار و 500 دۆلار دابەزی، لە هەفتەیەکیشدا 33%ی بەهاکەی لەدەستدا، بەمەش بەها بازاڕییەکەی بۆ 510 ملیار دۆلار دابەزی.

ئیسریۆمیش کە دوای بیتکۆین دووەم گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنییە، بۆ کەمترین ئاستی لە دوای مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو دابەزی، لە چەند کاتژمێری رابردوودا 22%ی بەهاکەی لەدەستدا. بەهای ئیسریۆم بەرامبەر دۆلار بۆ هەزار و 700 دۆلار دابەزی، لە ماوەی هەفتەیەکیشدا 40%ی بەهاکەی لەدەستدا، بەهای بازاڕییەکەشی بۆ 220 ملیار دۆلار دابەزی.

بە گوێرەی پێگەی باینانس کۆین، دوو دراوی دیکەش داڕمان و لە دەیان دۆلار بۆ چەند سەنتێك دابەزین. لە دیارترینیان ریپڵ ‌30% و کاردانۆ 34% و سۆلانا 40% به‌هاكانیان له‌ده‌ستدا.

H.B