له‌ سنووری نه‌ینه‌وا داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی

"كوژراو هه‌ن"
شاری موسڵ
شاری موسڵ

K24 – هه‌ولێر:

له‌ باشووری شاری مووسڵ، چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و له‌ ئاكامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولا حه‌وت چه‌كداری حه‌شد كوژران.

به‌ گوێره‌ی زانیاری سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ره‌وشی كه‌شوهه‌وا و ئه‌و شه‌پۆله‌ خۆڵبارینه‌ی عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌، چه‌كدارانی داعش په‌لاماری یه‌كه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی عێراقیان داوه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، هێزێكی سه‌ر به‌ لیوای 44ی حه‌شدی شه‌عبی رووبه‌ڕووی هێرشێكی داعش بووه‌ته‌وه‌.

هاوكات به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی، هێرشه‌كه‌ی داعش له‌ سنووری قه‌زای ئه‌لحه‌زه‌ر بووه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وای حه‌شدی شه‌عبی، رایگه‌یاند، كاروانێكی پڕچه‌كی هێزه‌كانیان ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپه‌رچی هه‌ر په‌لامارێكی هاوشێوه‌ی داعش بده‌نه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ سنووری گوندی به‌شیر له‌ پارێزگای كه‌ركووك هێرشیان كرده‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و له‌ ئاكامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوانیان 5 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، كه‌ دوانیان هاووڵاتی بوون.