بەهۆی پێڵاوەکانیەوە داوای لێکرا فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان بەجێبهێڵێت

سینەماکارێك رێگەی پێنادرێت بەشداری فێستیڤاڵی فیلمی کان بکات
سینەماکار، کێلڤین ڕیدڤێرس
سینەماکار، کێلڤین ڕیدڤێرس

K24 - هەولێر:

سینەماکاری ڕەسەنی کەنەدی، کێلڤین ڕیدڤێرس رێگەی پێنەدرا لەسەر فەرشی سووری 75ـەمین فێستیڤاڵی کان رێ بکات، ئەمەش بەهۆی لەپێکردنی پێڵاوێکی نەریتی کولتووری گەلەکەی خۆی.

کێلڤین ڕیدڤێرس بە میدیا کەنەدیەکانی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی پێڵاوی جۆری moccasinsـی لەپێدا بووە، رێگەی پێنەدراوە بەسەر فەرشی سووری چوونە ژوورەوەی فێستیڤاڵی کاندا رێ بکات.

سینەماکار، کێلڤین ڕیدڤێرس
سینەماکار، کێلڤین ڕیدڤێرس

دەرهێنەر، کێلڤین ڕیدڤێرس ئەندامی کۆمەڵگەی ڕەسەنی (دێنێ)ـیە و لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای کەنەدا گەورە بووە، ئەو لەبارەی کولتوورەکەی خۆیەوە گوتی: "من لە دەورووبەری کولتوورەکەم و لە خاکی خۆماندا گەورە بووم، ئەو جۆرە پێڵاوە لای من گرنگی خۆی هەیە".

پێڵاوی جۆری moccasins
پێڵاوی جۆری moccasins

ناوبراوی گوتیشی: " تێدەگەم هەندێک یاسا سەبارەت بە جلوبەرگ لەسەر فەرشی سوور دانراون، بۆیە بیرمکردەوە ئەگەر قاتێکی تەکسیدۆ لەبەربکەم و بۆینباخێك ببەستم، جووتێك پێڵاوی رەسەنی کولتوورەکەی خۆم، شتێکی قبوڵکراو دەبێت".

ڕیدڤێرس ئاماژەی بەوەشدا، پێڵاوی مۆکاسینس بە پێڵاوێکی نەریتی و فەرمی دادەنرێت لە نێوان زۆرێک لە کولتوورەکانی وڵاتەکەی خۆیدا.

ئەو سینەماکارە کەنەدیە لە فەیسبووک باسی لەوە کرد، "هیوادارم ڕووداوەکە یارمەتیدەر بێت لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری لە سەرانسەری جیهاندا، کە جل و بەرگی کولتووری ڕەسەن لە شوێنە فەرمییەکانی وەک فەرشی سووردا بە تەواوی قبوڵکراو بێت".

سەرچاوە: AFP