جۆنی دیپ کەیسە یاساییەکەی لە ئەمبەر هێردی هاوسەری پێشووی بردەوە

ساڵی 2018 ئەکتەری ئەمه‌ریکی ئەمبەر هێرد بابەتێکی لەسەر جۆنی دیپی هاوسەری پێشووی بڵاوکردەوە و بە توندوتیژی خێزانی تۆمەتباری کرد
جۆنی دیپ کەیسە یاساییەکەی لە ئەمبەر هێردی هاوسەری پێشووی بردەوە
جۆنی دیپ کەیسە یاساییەکەی لە ئەمبەر هێردی هاوسەری پێشووی بردەوە

K24- هه‌ولێر:

جۆنی دیپ، کەیسە یاساییەکەی لە ئەمبەر هێرد، هاوسەری پێشووی بردەوە و دەبێ هێرد 15 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە دیپ.

داداگای ڤێرجینیا بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسی هەردوو ئەکتەری ئەمه‌ریکی جۆنی دیپ و ئەمبەر هێرددا و کەیسەکە لەبەرژەوەندی جۆنی دیپ یەکلابووه‌وه‌.

بەگوێرەی بریاری دادگا لە بەرامبەر ناوزڕاندنی جۆنی دیپ لەلایەن ئەمبەر هێردی هاوسەری پێشوویەوە، پێویستە ئەمبەر هێرد 15 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە جۆنی دیپ.

بەگوێرەی بڕیاری دادگای ڤێرجینیا ئەو بابەتەی ئەمبەر هێرد ساڵی 2018 بڵاویکردووەتەوە و هاوسەری پێشووی بە توندوتیژی بەرامبەری تۆمەتبار کردووە دەچێتە چوارچێوەی ناوزڕاندن و تۆمەتی بێ بنەما بوون.

دوای بریارەکەی دادگا، ئەمبەر هێرد گوتی: "زۆر نائومێد بووم، ئەو هەموو بەڵگانەی پێشکەشم کردوون هێشتا نەیاتوانیووە کاریگەری لە بریاری دادگا بکەن".

هێرد ئەم بریارەی دادگا بە نەرێنی دەبینێت لەسەر ژنان و گوتی: "ئەمە پاشەکشەیە بەو هەوڵانەی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەدرێن".

ساڵی 2018 ئەکتەری ئەمه‌ریکی ئەمبەر هێرد بابەتێکی لەسەر جۆنی دیپی هاوسەری پێشووی بڵاوکردەوە و بە توندوتیژی خێزانی تۆمەتباری کرد و جۆنی دیپ داوای یاسایی لەسەر تۆمارکرد و دوای چەندین دانیشتنی دادگا، دیپ کەیسەکەی بردەوە.

بە ناوزڕادنی جۆنی دیپ و هەڵبەستنی چەندین تۆمەت بۆی دیپ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم ئامادەنەبوون گرێبەستی لەگەڵ بکەن.

ئێستاش لەگەڵ بردەنەوەی کەیسەکە جارێکی دیکە ئەستێرەی جۆنی دیپ ئەکتەری ناوداری ئەمه‌ریکی دەدرەوشێتەوە.