یوتیوبەرێکی کورد لە دوبەی بەشداری فێستیڤاڵێکی تەکنەلۆژی دەکات

"وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەم"
دوبەی
دوبەی

K24 - هەولێر:

یوتیوبەرێکی کورد بەناوی پێشەنگ جەمال کە خاوەنی پێگەی تەکنەلۆژی (بیرواڵا)ـیە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنیە زیرەکەکان، وەک تاکە کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بانگهێشتی فێستیڤاڵی نمایشی بڵاوکردنەوەی زنجیرەی (ئۆپۆ فایند ئێکس5) کراوە.

لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە، پێشەنگ جەمال خاوەنی چەناڵی بیرواڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەو فێستیڤاڵەدا تەنیا سێ کەس لە عێراق بانگهێشتکراون و لەو سێ کەسەش من وەک تاکە کورد لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبم".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "فێستیڤاڵەکە رۆژی 22ـی حوزەیران لە دوبەی دەستپێدەکات و زۆرێك لە یوتیوبەرە جیهانییەکان لەوێ دەبن و منیش وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەم".

فێستیڤاڵەکە لەلایەن براندی تەکنەلۆجی جیهانی ئۆپۆوە رێکدەخرێت و تێیدا نمایشکردنی زنجیرە مۆبایلە زیرەکەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت بەناوی Find X5 کە لە 23ی حوزەیرانەوە لە فرۆشگاکان بەردەست دەبێت، براندی ئۆپۆ لە ئێستادا چوارەم پڕ فرۆشترین براندی مۆبایلە لە جیهاندا.

پێشەنگ جەمال تەمەنی 23 ساڵە و لە هەڵەبجە لەدایکبووە و لە سلێمانی گەورە بووە و ئێستا لە شاری هەولێر دەژی، دامەزرێنەری پێگەی تەکنەلۆژی (Birwalla) بیرواڵایە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنیە زیرەکەکان، جگە لەوە رێکخەری ئیڤێنتی "ئایفلووێنسەرس"ـە کە تێیدا ساڵانە باشترین ئینفلووێنسەرەکانی هەرێمی کوردستان خەڵات دەکرێن.