پوتن: مووشەکێک رادەستی بێلارووس دەکەین توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت

"دەبێت هێزی ئاسمانی بێلارووس نوێ بکرێتەوە"
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و هاوتا بێلارووسیەکەی، ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و هاوتا بێلارووسیەکەی، ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ

K24 - هەولێر:

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بێلارووسیەکەی، ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ رایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا مووشەکێک دەدەنە بێلارووس کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.

لەو دیدارەدا کە لە سان پترسبۆرگ بەڕێوەچوو، پوتن باسی لەوە کرد، "لە چەند مانگی داهاتوودا موسکۆ سیستەمی مووشەکی تاکتیکی ئیسکاندەر-M رادەستی بێلارووس دەکات کە لە توانایدایە مووشەکی بالیستی و کیشوەر-بڕ و ئەتۆمی بهاوێژێت".

لە چوارچێوەی ئەو لێدوانانەی کە بوونەتە جێی نیگەرانی سەرکردەکانی رۆژئاوا، هەردوو پوتن و لۆکشینکۆ جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت هێزی ئاسمانی بێلارووس نوێ بکرێتەوە تا فڕۆکەکان توانای هەڵگرتنی چەکی ناووکیان هەبێت.

پوتن گوتیشی: "سوپای بێلارووس فڕۆکەی Sukhoi Su-25 دەکاردەهێنن کە دەتوانرێت چاکسازی تێدا بکرێت، ئەم چاکسازیەش لە کارگەکانی رووسیا دەکرێن و تیمەکانی فڕۆکەوانیش راهێنانی لەسەر وەردەگرن".