دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بەڕێوەدەچێت

سینەماکارانی 8 وڵات بەشداری دەکەن
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"

K24 - هەولێر

دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان لە شارەکانی مۆسکۆ و سەن پتێرزبوورگ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی راگەیەندنی فێستیڤاڵ، ئەو فێستیڤاڵە بە سەرپەرشتی خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێرنی نەتەوەی کورد بە چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی "کارۆ ئاڕت" KARO.Art لە رۆژانی 29ی ئەم مانگە تا 12ی مانگی داهاتوو لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" Oktyabr و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" Moscow لە ریزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم دایە کە لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگی فیدراسیۆنی رووسیا و بە واژۆی "ئۆ. بی. لیۆبیمۆڤا" O.B. Lyubimova وەزیرەی کولتووری ئەو وڵاتە گەیشتووە و بە نامەی فەرمی ژمارە 1692 رێکەوتی 24ی دیسێمبەری 2020 لە چوارچێوەی فیدراسیۆنی رووسیا لە ساڵی 2022 بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسانی دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "ئەمە رووداوێکی کولتووری سەرسووڕهێنەرە، بۆ هەموو لایەنگرانی فیلم، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بەرزتر لە سیاسەت و مەزهەب دەڕوانێت و چاو لە سینەما وەکوو هونەرێکی بنەڕەتی و کەرەسەتەیەکی گرینگ بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و سەبارەت بەو زانیاریی پێویست دەبەخشێت".

 

بەرهەمەکانی ئامادەبوو لەم فێستیڤاڵە، پێشکەش بە چارەنووس، مێژوو، خەباتی سەخت و بەرخۆدانی کوردەکان کراوە و بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی رووسی پیشان دەدرێن. هۆگران لەگەڵ کەلتوور و زمانی نەتەوەیی خەڵکی باستان و هەروەها مێژوو و دابوونەریتەکانی سەدان ساڵە و خەباتەکانی ئەوان ئاشنا دەبن. رێوڕەسمی کردنەوەی ئەم رووداوە سینەماییە رۆژی چوارشەمە 29ی جوونی 2022 لە ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" Oktyabr لە شاری مۆسکۆ دەستپێدەکات.

فێستیڤاڵی ئەمساڵ، بە 85مین ساڵیادی لە دایکبوونی ئەفسانەی سینەمای کوردستان "یەڵماز گۆنای"یە Yilmaz Guney دەرهێنەری ناوداری کورد تەرخانکراوە. فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"ی 2022 تایبەتە بە پیشاندانی فیلمی هەرمانی گۆنای واتە "رێگا" The Road کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەرەنسا لە ساڵی 1982 خەڵاتی گەورە و گرینگی چڵە خورمای زێڕینی ئەم رووداوە بەنرخە سینەماییەی بەدەستهێنا.

بەرنامەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، فیلمەکانی ئەو 8 وڵاتە لە خۆدەگرێت کە لە لایەن دەرهێنەرەکانیانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا سازکراون.

فێستیڤاڵە فیلمە کوردییەکان ساڵانێکە کە لە ئەورووپا و جیهان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی 2022 ئەمە دووەمین ساڵە کە شاری مۆسکۆ دەرگاکانی خۆی دەکاتەوە، دەرفەت بۆ بینینی باشترین فیلمەکانی دەرهێنەرانی کورد دەڕەخسێنێت. هەروەها ئەم خولەی فێستیڤاڵ، هەلێکی تایبەتە بۆ بینینی کۆمەڵێک فیلم لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵ، هاوکات لەگەڵ شاری مۆسکۆ لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ.

ئەم فێستیڤاڵە لە رێگای پیشاندانی ئەو فیلمانەی کە تایبەتە بە بابەتی کورد و کوردستان، بە گەشەسەندنی سینەمای نێودەوڵەتی، پاراستنی شووناسی نەتەوەیی و زمانی دایکی کوردەکان و هەروەها دەرفەتێکە بۆ یارمەتیدان و بە هاوبەشدانانی میراتی مێژوویی و کولتووری خۆمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی رووسیا. 

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە لایەن وەزارەتی کولتوور لە ریزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی بەڕێوەچوو لە فیدراسیۆنی رووسیا بۆ ساڵی 2022 جێگایەکی تایبەتی بۆ دیاریی کراوە.