كریستینسن: له‌ منداڵیه‌وه‌ هانده‌ری بارسێلۆنا بووم

ئه‌ندریاس كریستینسن به‌رگریكاری نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا
ئه‌ندریاس كریستینسن به‌رگریكاری نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا

دوای ٢٤ کاتژمێر لە ناساندنی فرانک کیسێی کۆتدیڤواری، ئەمجارە بارسێلۆنا بە فەرمی ئاندریاس كریستینسنی پێشکەش کرد و وەکو یاریزانی نوێی یانەکەی ناساند کە ئەم یاریزانە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی، بە گواستنەوەیەی سەربەست بۆ ماوەی چوار ساڵ رووی لە بارسێلۆنا کرد و مەرجی شکاندنی گرێبەستەکەشی 500 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

کریستێنسن بە ئامادەبوونی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لە یاریگای مەشقەکان گرێبەستەکەی واژۆ کرد و رایگەیاند خەونی منداڵی هاتەدی کە یاریکردن بوو بە درێسی بلاوگرانا.

کریستێنسن: له‌ منداڵییه‌وه‌ هانده‌ری بارسێلۆنا

ئاندریاس كریستینسن به‌رگریكاری دانیماركی یانه‌ی بارسێلۆنا دوای واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی، به‌شداریی له‌ پرێس كۆنفرانسێك كرد و رایگه‌یاند هەست بە شانازییەکی زۆر ده‌كات كه‌ هاتووه‌ته‌ ئێره‌.

ده‌شڵێت: یاریکردن لە بارسێلۆنا و پۆشینی درێسی ئەم یانەیە خەونی منداڵیم بوو، سوپاسی لاپۆرتا و ماتیۆ و جۆردی دەکەم، خەونەکەم هاتەدی و ناتوانم زیاتر چاوەڕی بکەم، به‌په‌رۆشم بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی بارسا.

لاپۆرتا: سووپاسی كریستینسن ده‌كه‌م بارسای هه‌ڵبژارد

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا له‌ ساتی ناساندنی كریستینسن گوتی: بەخێربێی کریستێنسن، ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە لە بارسێلۆنا سوپاس بۆ قوربانیدانت کە هاتیتە ئێرە، کریستنسن لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لە ڕۆژنامەیەکدا نووسیویەتی: خەونی ئەو یاریکردنە بۆ یانەی بارسێلۆنا، ئێستا خەونەکەت هاتەدی.

دوای واژۆ کردنی گرێبەستەکەشی کریستێنسن لە یاریگای راهێنانەکانی بارسێلۆنا چەند نمایشێکی بە تۆپ کرد و درێس و لۆگۆ بارسێلۆنای ماچ کرد، کە ئەم یاریزانە پێشتر یاریی بۆ یانەکانی برۆندبی و بۆرووسیا مۆنشنگلادباخ و چێڵسی کردووە، لە 307 یاریی ١٣ گۆڵ و 10 ئەسیستی تۆمار کردووە و بۆ وەرزی داهاتووش لە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بەرگری لە گۆڵی بارسێلۆنای کەتەلۆنی دەکات.