دەیەمین فێستیڤاڵی دەف لە سنە بەڕێوەدەچێت

300 دەفژەن بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن
دەیەمین فێستیڤاڵی "دەف نەوای رەحمەت" لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان - فۆتۆ: سارا جەعفەری
دەیەمین فێستیڤاڵی "دەف نەوای رەحمەت" لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان - فۆتۆ: سارا جەعفەری

K24 - سنە

دەیەمین فێستیڤاڵی "دەف نەوای رەحمەت" لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، بڕیارە چوار رۆژ بەردەوام بێت. لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 300 دەفژەن لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە هەرێمی کوردستان و ئەفغانستانەوە بەشدارن. شاری سنە لە لایەن یۆنسکۆوە وەک شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقای و پایتەختی دەفی جیهان ناسراوە.

مەسعوود مرادی، سەرپەرشتیاری گرووپی دەف نەوای رەحمەت بە کوردستان24ی رایگەیاند: "فێستیڤاڵەکە چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا زیاتر لە 300 دەفژەن لە سەرانسەری ئێران و هەرێمی کوردستان و ئەفغانستانەوە لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوون، بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن".

ئەسما گوڵنەما، ژەنیاری دەف یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و گوتی: "من لە شاری زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانەوە هاتووم و یەکەمجارە لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبم. هەستێکی زۆر خۆشم هەیە لەوەی لێرە زۆر مامۆستام دیت، کە پێشتر تەنیا لە دوورەوە دەمدیتن. لێرە گەورەیی دەف لە نزیکەوە دبینین. هیوادارم جارێکی دیکە بتوانم بەشدار بکەم".

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بەناوی کیمیا ئەکبەرپوور، ژەنیاری دەف ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێمە ئەندامی گرووپی ئاوینین لە شاری یەزدەوە هاتووین. گرووپی ئێمە پێشتریش لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بووە، بەڵام من خۆم یەکەمجارە بەشداری دەکەم، زۆر خۆشحاڵم کە ئامێرێکی رەسەنی وەک دەف کە ئامێرێکی عیرفانیی خانەقاکانە، ئاوا لە فێستیڤاڵەکاندا بەشێوەی زانستی دەناسێنرێ و رەسەنایەتییەکەشی دەپارێزن".

بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە لە ماوەی چوار رۆژدا و لە سینەما بەهمەنی سنە بەڕێوە دەچێت. بەشداربووان لە چوار بەشی پشبڕکێی گشتی، تاکژەنی، گرووپژەنی و مەولوودی خوێنیدا بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.

شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک شاری داهێنەری مۆسیقا ناسراوە. لەم شارەدا هەموو ساڵێک چەند رێوڕەسم و فێستیڤاڵی تایبەت بە دەفژەنی بەڕێودەچێت، و هەر بۆیەش نازناوی پایتەختی دەفی جیهانی پێدراوە.