سعودیە و ئەمهریکا پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن
K24 - ههولێر:
لە پەنجاکانی سەدەی رابردووە بەفەرمی پەیوەندییەکانی ئەمهریکا و سعودیە دەستیان پێکردووە. لە 70 ساڵی رابردوو سەرەڕای ناکۆکییەکانی واشنتن و ریاز، رۆژ دوای رۆژ ئەو پەیوەندییانە توندوتۆڵتر بوون. ئێستا جۆو بایدن سەرۆکی ئەمهریکا لە سعودیە لەهەوڵی پتەوترکردنی ئەو پەیوەندییانەیە.
دروستکردنی هاوپەیمانی بەرگری ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و زیادکردنی هەناردەی نەوت و پرکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بەرهەمی نەوت و گازی جیهان دروستبووە، هێندەی دیکە پەیوەندنی نێوان سعودیە و ئەمهریکا بەهێزتر دەکات.
پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان ئەمهریکا و ئیسرائیل لە ساڵی 1951 لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنی هاریکاری بەرگری دوولایەنە دەستپێدەکەن.
سعودیە وڵاتێکی ئیسلامی و ئەمهریکاش کۆماری دەستووری سێکیولار، بوونەتە هاوپەیمانی مێژوویی، بنەمای هاوپەیمانیەکەیان بەرژەوەندییەکی دوولایەنەیە لەسەر بنەمای ئاسایش بەرامبەر نەوت دارێژراوە، ئەمهریکا هاوکاری سەربازی دەداتە سعودیە و ئاسایشی دەپارێزێت لەبەرامبەردا سعودیە نەوت دەداتە ئەمهریکا و لە سیاسەتی دەرەوەش پشتیوانی واشنتن دەکات.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هەردوو وڵات پێکەوە رووبەرووی کۆمۆنیزم بوونەتەوە. لە شەری سۆڤیەت لە ئەفغانستان و شەڕی کردنە دەرەوەی رژێمی سەدام لە کوەیت ساڵی 1991 هاوپەیمانییەکان بەهێزتر بوو.
بەڵام هێشتا واشنتن و ریاز لەبارەی ئیسرائیلەوە ناکۆکیان هەیە. واژۆکردنی پەیمانی ئاشتی و رێککەوتنە ئیبراهیمییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی تاڕادەیەک ئەم ناکۆکیانەی رەواندنەوە.
ئێستاش بڕیاری دروستکردنی هاوپەیمانی بەرگری ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، کە ئیسرائیل ئەندامی هاوپەیمانیەکەیە و ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانە لە ناوچەکە، هێندەی دیکە ئەو ناکۆکیانەی رەواندوونەتەوە و ئەمهریکا و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە لێک نزیکردوونەتەوە.
سەردانی بایدن بۆ ئیسرائیل و فەلەستین و دواتر لە ئۆرشەلیمەوە وەک یەکەم سەرۆکی ئەمهریکا و بۆیەکەمجار راستەوخۆ دەچێتە جەددە و بەشداری لە لوتکەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەکات، پەیامێکی لە پشتە و ئەوە دەگەێنێت، تا رادەیەک نزیکبوونەوەیەک لە بۆچوونی واشنتن و ریاز لەبارەی ئیسرائیلەوە هەیە و پەیوەندییەکانیان چوونەتە قۆناغێکی دیکە.
سەرۆکی ئەمهریکا دەڵێت: بۆ لەمەودا ئیسرائیل زیاتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەماهەنگی دەبێت و رۆڵی ئیسرائیل بەهێزتر دەکەین.
جیا لەوەش سعودیە زۆرترین چەک لە ئەمهریکا دەکڕێت، ئایاری 2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمهریکا یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سعودیە بوو، رێککەوتنێکی بۆ فرۆشتنی چەک بەبڕی 300 ملیار دۆلار لەگەڵ سعودیە واژووکرد. رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 10 ساڵە واتە هێشتا 5 ساڵی ماوە، ئێستاش بە سەردانەکەی بایدن و بەشداری لە لوتکەی جەددە و پێکهێنانی هاوپەیمانی بەرگری ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، کە بە ناتۆی عەرەبی ناسراوە، پەیوەندییەکانی واشنتن و ریاز دەچنە قۆناغێکی دیکە.