فڕۆکەیەکی بارهەڵگر بە 11 تۆن چەک و تەقەمەنییەوە کەوتە خوارەوە

کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە گیانلەدەستدانی هەشت کەسی لێکەوتەوە
شوێنی رووداوەکە، وێنە: رۆیتەرز
شوێنی رووداوەکە، وێنە: رۆیتەرز

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگری سربیا رایگەیاند، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لە شاری کاڤالاسی باکووری یۆنان، گیانلەدەستدانی هەشت کەسی لێکەوتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، شەوی رابردوو فرۆکەیەکی بارهەڵگر لە دووری دوو کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شارۆچکەی پاگایۆ لە یۆنان کەوتووەتە خوارەوە.

شوێنی رووداوەکە، وێنە: رۆیتەرز
شوێنی رووداوەکە، وێنە: رۆیتەرز

سەرەڕای ئەوەی لایەنە فەرمییەکانی یۆنان تا ئێستا هیچ داتا و زانیاریەکیان سەبارەت بە فڕۆکەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری سربیا، فڕۆکەکە لەجۆری (The Antonov An-12) بووە و خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی ئۆکرانی.

شوێنی رووداوەکە، وێنە: رۆیتەرز
شوێنی رووداوەکە، وێنە: رۆیتەرز

نێبۆیسا ستیفانۆڤیچ، وەزیری بەرگری سربیا راشیگەیاند، فڕۆکەکە کە نزیکەی 11 تۆن چەك و تەقەمەنی هەڵگرتبوو، کەوتووەتەوەخوارەوە و هەشت سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە. 

تا ئێستا ئەو کۆمپانیا ئۆکرانییە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو هەواڵەوە نەداوە. بەڵام لە هەواڵێکی وێبسایتی "BBC"ـیدا ئاماژە بەوە دراوە، کە فڕۆکەکە لە سربیاوە بەرەو ئوردن بەڕێکەوتبوو.