ئێران لەبارەی دۆخی سیاسی عێراقەوە: ئەمە کێشەیەکی ناوخۆییە

"گفتوگۆ باشترین رێگەچارەی کێشە ناوخۆییەکانی عێراقە"
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا بەرامبەر بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمدواییەی عێراق، رایگەیاند کە "بە وردی و هەستیارییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین" و دووپاتی لەوە کردەوە "ئەمە کێشەی ناوخۆیی عێراقە ".

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ (دووشەممە، یەکی ئاب) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق رایگەیاند: گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییە کە سەرچاوەی لە کێشە سیاسییەکانەوە گرتووە، کێشەی ناوخۆیی عێراقە و پێمانوایە حزب و لایەنەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی و یاساکانی ئەو وڵاتەدا و بە رێگەی ئاشتیخوازانە، ئەو دۆخە تێپەڕێنن".

کەنعانی، گوتوویەتی کە تاران، "رێز لە رای خەڵکی عێراق دەگرێت" و دووپاتی کردەوە، "گفتوگۆ باشترین رێگەچارەی کێشە ناوخۆییەکانی عێراقە".

بەیانیی رۆژی شەممەی رابردوو (٣٠ی تەمووز) لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە ناو بینای پەرلەمانی عێراق و مانگرتنی کراوەیان راگەیاند. ئەوان چەندین داوایان هەیە و لەوانە "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دادگای فیدراڵی و دادگاییکردنی نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا".

هاوکات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە بەیاننامەیەکدا داوای "گۆڕانکاری ریشەیی" لە سیستەمی سیاسی و دەستووری وڵاتدا کرد. سەدر، دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت عێراق "نە رۆژئاوایی و نە رۆژهەڵاتی بێت".

پەنجەی تۆمەتی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی، راستەخۆ روو لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەوان پێیانوایە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە پشتگیری و پشتیوانی تاران، عێراقی تووشی کێشە و ئاڵۆزی کردووە.