كۆمەڵەی پزیشکانی چاو: گۆڕینی ره‌نگی چاو به‌مه‌به‌ستی جوانكاری رێگه‌پێدراو نییه‌

"ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێتە هۆی لەدەستدانی بینین"
نه‌شته‌رگه‌ری گۆڕینی ره‌نگی چاو مه‌ترسیداره‌
نه‌شته‌رگه‌ری گۆڕینی ره‌نگی چاو مه‌ترسیداره‌

K24 - هه‌ولێر:

کۆمەڵەی پزیشکانی چاو لە کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هۆشداری له‌ گۆڕینی ره‌نگی چاو ده‌دات و ئاشكرایكرد، ئه‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ته‌نیا بۆ چەند جۆرێکی دیاریکراو لەنەخۆشیەکانی چاو پەسندکراوە و بۆ مەبەستی جوانکاری رێگەپێدراو نییە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ‎کۆمەڵەی پزیشکانی چاو هۆشداری دەدات لەبارەی ئەو هەڵمەتەی سۆسیاڵ میدیا باس لە گۆڕینی رەنگی چاو بەشێوەی جوانکاری ده‌كرێت بە لێزەر یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی دەستکردی رەنگاوڕەنگ.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ‎ئەم جۆرە نەشتەرگەریانە تەنیا بۆ چەند جۆرێکی دیاریکراو لە نەخۆشیەکانی چاو پەسندکراوە، وەك نەبوونی رەشکێنەی چاو، بەهیچ شێوازێك بۆ مەبەستی جوانکاری رێگەپێدراو نییە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین ماکی مەترسیدار و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێتە هۆی لەدەستدانی بینین لە چاودا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ روونیكراوه‌ته‌وه‌، کۆمەڵەی پزیشکانی چاو بە هەموو شێوازێك ئەو رێکلام و بانگەشانەی لە سۆشیال میدیا بۆ جوانکاری گۆڕینی رەنگی چاو دەکرێن، رەتدەکاته‌وه‌‌، کە لەگەڵ رەوشت و بەهاکانی پزیشکی ناگونجێت.

کۆمەڵەی پزیشکانی چاو جه‌ختی له‌وه ‌كرده‌وه‌، زانیارییە نادروسته‌كان پشتگوێ بخەن و بەهیچ شێوەك نەکەونە داوی ئەم هەڵانەوە.