هونەرمەندێکی کورد دوو بەڵگە فیلمی لەسەر ئامێری تەنبوور بەرهەمهێنا
K24 - سلێمانی:
هونەرمەند فەرید ئیلهامی، ژەنیاری ئامێری تەنبوورە، دوو بەڵگە فیلمی بەناوەکانی "تەنبوور" و "هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان" ئامادەکردووە، بۆ بەشداریکردنی فێستیڤاڵەکان و تێیدا مێژووی تەنبوور دەگێڕێتەوە.
لە لێدوانێکیدا فەرید ئیلهامی هونەرمەند، بۆ کوردستان 24 گوتی: یەکێک لە بەڵگە فیلمەکان 48 خولەکە و ئەوەی دیکەیان 68 خولەکە و بەرهەمی 15 ساڵ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانییەتی لەسەر ئامێری تەنبوور.
تەنبوور؛ ئامێرێکی ژێداری میوزیکییە و لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێندرێت، بەڵام لای یارسانەکان ئامێرێکی تایبەتە و لەنێو رێورەسمە ئاینییەکاندا بەکاردەهێندرێت.
بەگوتەی ئەو هونەرمەندە، فیلمە بەڵگەنامەییەکانی، دەبنە سەرچاوەی زانیاری بۆ ئەو ئامێرە میوزیکییە کوردییە، هەروەها وردەکاری ژیانی ئەو کەسانە دەخاتەڕوو، کە پێشتر ئەم ئامێرەیان ژەندووە و ئێستا لە ژیاندا نەماون.
دیمەنەکانی فیلمە بەڵگەنامەییەکانی فەرید ئیلهامی، لە پێنج پارێزگای ئێران و وڵاتانی تورکیا، ئەڵمانیا و سوید تۆمارکراون.
فەرید ئیلهامی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئێستادا لە سلێمانی نیشتەجێیە، لە رێگەی فێرگەی ماڵی تەنبووری "ئەیاز"ەوە راهێنان بە فێرخوازان دەکات، بۆئەوەی شارەزابن لە ژەندنی ئامێری تەنبووردا.