ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش له‌باره‌ی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا کۆده‌بێته‌وه‌

"داوادەکرێت پشتێنەی ئەمنی لە دەوری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دروستبکرێت"
وێسته‌گه‌ی زاپۆریژیا له‌كاتی بۆردومانكردن له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌
وێسته‌گه‌ی زاپۆریژیا له‌كاتی بۆردومانكردن له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌

K24 - مۆسكۆ:

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوادەکات پشتێنەی ئەمنی لە دەوری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دروستبکرێت.

ئەنتۆنی گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایکرد، پشتێنەی ئەمنی لە دەوری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دروستبکرێت، کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیادایە.

رۆژانی 5 و 7ـی ئاب، بۆردوومانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا کرا، ناوەندە بڕیار بەدەست و میدیاکانی رووسیا دەڵێن، هێرشەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە ئەنجامدراون، کەتێیدا 14 کەس بوونە قوربانی.

پێشتریش سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، کردەکەی بە "خۆکوژی" ناوبرد.

لەراگەیاندراوێکدا گۆتێرێس داوا لە هێزە چەکدارەکانی رووسیای فیدراڵ و ئۆکرانیا دەکات، دەستبەجێ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکە رابگرن و دامەزراوەکان و دەوروبەرەکەی وەک ئامانج بەکارنەهێنن.

ئاژانسی تاسی رووسی، لەزاری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نوسیویەتی: "داوا لە لایەنەکان دەکەم سەرجەم کارمەند و کەرەستە و کەلوپەلی سەربازی لە وێستگە ئەتۆمییەکە بکشێننەوە و خۆیان لە هەر جۆرە جێگیرکردنی زیاتری هێز و کەرەستەی جەنگی لەو دامەزراوەیە بەدووربگرن، نابێت ئەو بابەتە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکاربهێنرێت، بەڵکو پێویستە رێککەوتنێکی بەپەلە لەسەر ئاستی تەکنیکی و ئەمنیدا ئەنجامبدرێت بۆ داماڵینی چەک و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەکه‌".

پێشتر هەر یەک لە دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی و ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایانگەیاندووە، ئەم کردەیەی ئۆکرانیا، گەمەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ئەوروپا، بۆیە پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بێتە سەر خەت و هۆشداری توند بدەن بە کاربەدەستانی کیێڤ، هەروەها رووسیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە بە هۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا درووستبوون.

بڕیارە ئەمڕۆ (11ی ئاب/ ئۆگێستی 2022) کاتژمێر 22:00 بەکاتی مۆسکۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە نیویۆرک ئەنجامبدات، کە تێیدا  رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت و باس لە دۆخی وێستگەکە ده‌کات.

کەمێک لەمەوبەر RT رووسی لەسەر زاری خەڵکی ناوچەکە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووجار تەقە لە وێستگەکە کراوە.

دوێنێ میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، کە سەرۆکی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا رەتینەکردووەتەوە، کە ئۆکرانیه‌کان دەتوانن تەقە لە وێستگەکە بکەن ئەگەر پسپۆرە رووسەکان هەوڵبدەن کارەبای وێستگەکە بە سیستەمی وزەی رووسیا ببەستنەوە .

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا یەکێکە لەگەورەترین وێستگەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا، لە ئاداری 2022 لە لایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام کارمەندەکانی ناو وێستگەکە ئۆکرانین.

گروپی وڵاتانی G7  لە راگەیاندراوێکدا داوادەکات، پێویستە هێزەکانی رووسیا لەم وێستگەیە دووربکەونەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا.