تۆنی كرووس گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید نوێ ناكاته‌وه‌

ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید رێنمایی كرووس ده‌كات. یاریی ریال و شاختار 4 نۆڤێمبه‌ری 2021
ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید رێنمایی كرووس ده‌كات. یاریی ریال و شاختار 4 نۆڤێمبه‌ری 2021

تۆنی کرووس ناوەڕاستکاری ئەڵمانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، ئامادەنیە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە، سێرخیۆ سانتۆس رۆژنامەنوسی ئیسپانیش هۆکارەکەی ئاشکرا کردووە و هاندەرانی شۆک کردووە و دەڵێت: ئەم وەرزە دوایین وەرزی ناوەڕاستکارە زێڕینەکەی شاهانەکان دەبێت و بە یەکجاری واز لە یاریکردن دێنێت.

لەوانەیە وەرزی داهاتوو هاندەرانی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، چیدیکە ناوەڕاستکارە زێڕینەکەیان لە یاریگا نەبیننەوە و تۆنی کرووس بڕیاریداوە ئەم وەرزە دوایین وەرزی بێت، دواتر بە یەکجاری واز لە یاریکردن بێنێت و ئەو تەمەنەی کە ماویەتی، دەیەوێت لەگەڵ ماڵباتەکەی بەسەر ببات.

سێرخیۆ سانتۆس رۆژنامەنوسی ئیسپانی لە رۆژنامەی ئاسی وەرزشی ئەم هەواڵە ناخۆشەی بۆ هاندەرانی تۆپی پێ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ناوەڕاستکارە ئەڵمانیەکە ئەم وەرزە دوایین وەرزی دەبێت، هەر بۆیەش تاوەکو ئێستا ئامادەنەبووە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە، لە کاتێکدا کارگێری یانەکەی چەندینجار داوای لێکردووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.

کرووسی 32 ساڵ بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2007 خۆی بە تۆپی پێ ئەورووپا ناساند، ئەو کاتەی تەمەنی تەنها 17 ساڵان بوو، لەلایەن راهێنەری ئەو کاتەی بایرن میونشنەوە بڕیاردرا لە تیپی لاوانەوە بۆ تیپی یەکەمی یانەکەی بانگهێشت بکرێت و لەگەڵ یاریزانە گەورەکان ئەرکێکی گەورەی پێ بدات.

ناوەڕاستکارە ئەڵمانیەکە بۆ ماوەی وەرزێک لە باڤارییەکان دوورکەوتەوە و بۆ ئەوەی زیاتر دەرفەتی یاریکردنی پێبدرێت، رەوانەی یانەی بایر لیڤەرکۆزن کرا و دوای تەنها یەکساڵ توانی بە باشی خۆی لەگەڵ پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی بگونجێنێت، هەر ئەمەش وایکرد بەرپرسانی باڤارییەکان بڕیار لەسەر گەڕانەوەی بدەن.

تۆنی گەڕایەوە و بۆ ماوەی چوار وەرزی دیکە لە ریزەکانی یانەی بایرن میونشن یاریکرد و لە ساڵی 2014 بڕیاریدا ئەزمونێکی نوێ تاقی بکاتەوە و درێسی یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان لەبەر بکات و، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدەوە بکات.

هەر ئەو کاتەی ناوەڕاستکارەکەی مانشافت ریزەکانی یانەکەی جێهێشت، هاندەرانی باڤاری زانیان هێزێکی گەورەیان لەدەستدا و ئەو یاریزانە دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە، هەر زوو خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی سەلماند و شوێنی خۆشی لە دڵی هاندەرانی یانەکەی کردەوە.

تۆنی لە ساڵی 2014 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیسپانیەکە واژۆ کرد و تاوەکو ئێستا 29 ناسناوی بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و یانەی بایرن میونشن و ریال مەدرید بەدەستهێناوە و بڕیاریشیداوە ئەم وەرزە دوایین وەرزی بێت و پاشان بە یەکجاری واز لە یاریکردن بێنێت.