ئێران به‌كارهێنانی دراوی ئه‌لیكترۆنی سنووردارده‌كات

"بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی بۆ وەبەرهێنان قەدەغەیه‌ و بۆ هاوردەکردن یاساییە"
دراوی ئه‌لیكترۆنی بیتكۆین
دراوی ئه‌لیكترۆنی بیتكۆین

K24 - هه‌ولێر:

عەلی ساڵحئابادی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، دراوی ئەلیکترۆنی لە وڵاتدا یاساییە، بە مەرجێک تەنیا بۆ هاوردەکردن بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەیدا قەدەغەیە.

ساڵحئابادی روونیكرده‌وه‌، دەرهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی یاساییە بۆ ئەو کەسانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بە مەرجێک بۆ هاوردەکردن بەکاربهێنرێت، ئەوەشی خستەڕوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیی و کانزا و بازرگانی چەند رێسایەک بۆ کۆمپانیاکان ئامادەکراون سەبارەت بە هاوردەکردن و بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی.

بەرپرسی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی سەربە وەزارەتی پیشەسازیی و کانزا و بازرگانی ئێران، عەلی رەزا پەیمانپاک لە پەیامێکیدا، کە رۆژی 9ی ئاب لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردبووەوە، رایگەیاندبوو، یەکەم مامەڵەی هاوردەکردن بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بە دراوی ئەلیکترۆنی بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا.

پەیمانپاک جەختی لەوە کردبووەوە، پلان بۆ ئەوە دادەنێن دراوی ئەلیکترۆنی لە بازرگانی دەرەکیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربهێنن.