وتار یان گوتار

Kurd24

زۆرجار هەردوو چەمکی وتار و گوتار لەلایەن نوسەر و سیاسەتمەداران، تەنانەت ئەکادیمستانیش بە هەڵە بەکاردەهێنرێن. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ ناساندن و لێکجیاکردنەوەی ئەم دوو زاراوەیە.

لە دوای درووستبونی شێوەیەک لە زمانی ئەکادیمی کوردی و خوێندنی زانستە مرۆڤایەتییەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکان، چەندین چەمک و زاراوەی فەلسەفی و زانستی بوون بە پێویستی و هاتنە ناو کایەی زمانەوانی کوردی.

هەندێک زاراوەی کۆن بۆ هەندێک چەمکی نوێ لە هەندێک بواری زانستی بەکارهێنراونەتەوە. یەکێک لەم بوارانە بواری گوتارشیکاریە، کە لە زمانزانی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و زانستە سیاسیەکان و چەند بوارێکی دیکەش سوودی لێوەرگیراوە و بەم دواییانە بە کوردی شتی زۆر لەسەر نوسراوە. رێبازی گوتارشیکاری لە زمانەکانی دیکەش زۆر کۆن نیە و زیاتر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم وەکو رێبازێکی سەربەخۆ گەشەی کردووە.

گوتار و وتار دوو چەمکی جیاوازن و زۆر جار لە کوردیدا تێکەڵ دەکرێن و لەجیاتی یەکتر و لە شوێنی یەکتر بەکاردەهێنرێن. وتار لە کوردیدا بە دوو مانای سەرەکی بەکاردێت. مانایه‌کیان لە بواری نووسین، بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەوانی، کە بۆ ئەو دەقانە بەکاردێت، کە لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاودەکرێنەوە و پێیان دەگوترێت وتار، ئەوی تریشیان لە بواری گوتن بۆ وتاردان بەکاردێت، وەکو وتاری ئاینی و وتاری سیاسی و هتد. بەڵام زۆر جار بۆ ئەم حاڵەتانە بە هەڵە گوتاریش بەکاردێت.

گوتار لە زۆر رووەوە جیاوازە لە وتار. دەکرێت گوتار مانا و مەبەستی پشت وتار بێت. بە مانایەکی دی وتار لایەنی سەرەوەی دەقەکان بێت و گوتاریش لایەنی شاراوە و ژێرەوەی دەقەکان بێت. لە ئینگلیزی چەمکی دیسکۆرس (discourse) بۆ گوتار بەکارهێنراوە. هەرچەندە ئەم چەمکە لە بنچینەدا ئینگلیزی نیە و ئەوانیش وەریانگرتووە، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی فراوان لە بواری گوتارشیکاری (Discourse Analysis) لە ئینگلیزی و زمانەکانی تریش بەکاردێت. لە لاتینیدا (discursus) و لە فەرەنسیدا (discourir) بەکارهێنراوە، کە ماناکەشیان تا رادەێک جیاوازبووە لەم مانایەی ئێستای.

هەندێکجار بە کوردیش، بەتایبەتی لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا، چەمکی دیسکۆرس لە جیاتی گوتار بەکاردەهێنرێت، چونکە هەندێک کەس پێیان وایە گوتار بە تەواوی ناتوانێ شوێنی دیسکۆرس پڕبکاتەوە، دیسکۆرس زۆر فراوانترە و بارگاویترە بە رەهەندەکانی تری فەلسەفە و جیهانبینی. لەوانەیە ئەو رایەش لەخۆوە نەبێت و پاساوی خۆی هەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت گوتار وا خەریکە وردەوردە لە زمانی کوردیدا شوێنی دیسکۆرس دەگرێتەوە، بەمەش خۆی لە وتار جیادەکاتەوە و چارەسەری ئەم تێکەڵبوونەش دەکات.

هەمو زاراوە و چەمکێکی نوێ کاتێکی زەمەنی دەوێت تا رەنگدەگرێت و شوێنی خۆی دەکاتەوە، بە تایبەتیش کە گوتار پێشتر زۆرجار لە جیاتی وتار بەکارهاتووە.

هەندێجار لە کوردیدا وتار بۆ شتی نوسراو و گوتاریش بۆ شتی گوتراو بەکاردەهێنرێت. واتە ئەو دەقانەی لە رۆژنامەوانیدا وەکو مقال (Article) دەنوسرێن پێیان دەڵێن وتار و ئەوانەش کە بەشێوەیەکی زارەکی و گۆکردنەوە دەگوترێن پێیاندەڵێن گوتار. ئەم جیاکاریەش لە روانگەی ئەوەی کە گوتار شوێنگرەوەی دیسکۆرس بێت گونجاو نییە.

گوتار یان دیسکۆرس جیاوازە لە وتار و وتە  و دەق و مەقالە و هتد. گوتار سیستەمێکی بیرکردنەوە و مەعریفەیە و پەیوەندیکردنە کە بنیادی ئەزمون و جیهانبینی قسەکەر یان نوسەر پیشاندەدات. بۆ نموونە گوتار لە دیدی فەیلەسوفی فەرەنسی مایکل فۆکۆ، بریتیە لە رێگەکانی پێکهێنان و دروستکردنی مەعریفە، ئەمەش بێگومان بە هاوکاری و هەماهەنگیکردنە لەگەڵ کردە و رەفتارە کۆمەڵایەتیەکان.

ئەو پێیوایە دیسکۆرس کۆنترۆڵێکی زۆری بەسەر زمانەوە هەیە و توانای گۆڕین و گواستنەوەی دەسەڵاتی هەیە، جا چ دەسەڵاتی سیاسی بێت یان ئاینی یان هەر جۆرێکی دیکەی دەسەڵات بێت. دیسکۆرس بریتیە لە شێوازی قسەکردن، ئەو شێوازەی کە کار لە رەفتاری جەماوەر و گوێگر و بینەر و خوێنەر دەکات.

ڤان دایک، کە بیرمەندێکی هۆڵەندییە و بە یەکێک لە داڕێژەرانی گوتارشیکاری دادەنرێت و هەمیشە بۆچونێکی رەخنەییانەی هەیە، پێیوایە کە دەسەڵات بەهۆی گوتارەوە خۆی دەسەپێنێت و کۆنترۆڵی مێشکی خەڵک دەکات، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنان و هەندێجار خراپ بەکارهێنانی زمانەوە لە کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجامدەدرێت. ئەو پێیوایە، کە وتار یان دەق، جا چ نوسراو بێت یان گوتراو بێت، بەبێ بوونی گوتارێکی ئاراستەکراو و بەبێ بوونی کۆنتێکستێکی (چێوەبەندی - سیاق)ـی کۆمەڵایەتی جەستەیەکی بێ گیانە، ئەوە گوتارە کە گیان بەبەر وتار و دەقەکاندا دەکات.

ئەگەر وتار تەنها بۆ دەقی نوسراو و وتەش بۆ دەقی گوتراو بەکارهاتبێت، ئەی مۆد و شێوەکانی دیکەی دەق، وەک وێنە و دەنگ و رەنگ و ڤیدیۆ و جوڵە و هتد. ئەمانە هەمو مانا و پەیامی تایبەتی خۆیان هەیە. دەکرێت ئەم مۆدانەش گوتاری تایبەت بەخۆیان هەبێت، کە ئەمەش جیاوازیەکی تری نێوان وتار و گوتارە.

کەواتە لە هەموو ئەو لێکدانەوانەی سەرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە دەکرێت بڵێین گوتار زۆر لە وتار فراوانترە، گوتار مەبەست و ئامانج و ئایدۆلۆژیای پشت وتارەکانە.