سەرۆکایەتیی ئەرکانی پێشمەرگە: په‌كه‌كه‌ شه‌ڕی پێناكرێت و ناوچه‌كان بۆ سوپای توركیا چۆڵ ده‌كات

هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە له‌ وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌دا هاتووه‌، كه‌ میدیای په‌كه‌كه‌ له‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگه‌یاندووه‌، "ماوەی چەند رۆژە جارێكی تر میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاو دەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب رێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆش كردووە بۆ شەڕكردن لە بەرامبەر چەكدارانی پەكەكە".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا چه‌ند خاڵێك خراونه‌ته‌ڕوو، و تێیدا هاتووه‌: لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروستبووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا،  سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە باسی له‌ ره‌فتارێكی دیكه‌ی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ و تێیدا هاتووه‌: پەكەكە رێگەی بە خۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی رێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵك و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، له‌ خاڵێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، كه‌ په‌كه‌كه‌ هۆكاری له‌شكركێشی سوپای توركیایه‌ و نووسیویه‌تی: پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەگەر ململانێ و شەڕێكیش لەنێوان توركیا و پەكەكە هەبێت ئەوە گۆڕەپانی شەڕ دەبێ لەناوخۆی توركیا بێت.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌و وێنانه‌ كراوه‌، كه‌ میدیای په‌كه‌كه‌ بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: میدیاكانی پەكەكە لە دوورەوە وێنەی چەند ئۆتۆمۆبیلێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بڵاو كردووەتەوە و ئیدیعای ئەوە دەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگەی بۆ هێزەكانی توركیا خۆش كردووە. وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئەو ئیدیعایە هیچ بنەمایەكی نیە، راشیدەگەیێنین هێزی پێشمەرگەی كوردستان مافی خۆیەتی لەسەر خاكی خۆی مومارەسەی دەسەڵات و ئەركەكانی خۆی بكات و پارێزگاری لە خاك و خەڵكی كوردستان بكات.

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسیارێكی رووبه‌ڕووی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: پرسیار ئەوەیە هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا رادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن؟