ئەکتەرێکی کورد لە لوبنان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێنا

هەوار فارس: هەستێکی خۆش بوو کە بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداریمان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و خەڵاتەکەم بەدەستهێنا
هەوار فارس لەکاتی وەرگرتنی باشترین خەڵاتی ئەکتەری کچ لە فێستیڤاڵی تەرابلوس لەگەڵ نەژاد نەجم-ی دەرهەێنەر
هەوار فارس لەکاتی وەرگرتنی باشترین خەڵاتی ئەکتەری کچ لە فێستیڤاڵی تەرابلوس لەگەڵ نەژاد نەجم-ی دەرهەێنەر

K24 – هەولێر

ئەکتەرێکی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی تەرابلوس لە لوبنان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێنا.

گرووپی شانۆی هەوار لە کەرکووک بە نوێنەرایەتی کوردستان و عێراق بە مۆنۆدرامای "وەك قەقنەس دەسوتێم" بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی تەرابلوس لە وڵاتی لوبنان کرد و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بەدەستبێنێت.

هەوار فارس - نەژاد نەجم
هەوار فارس - نەژاد نەجم

هەوار فارس، خانمە شانۆكار کە لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێناوە بە کوردستان24ی گوت: "هەستێکی خۆش بوو کە بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداریمان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و خەڵاتی یەکەمی ئەکتەری کچم بە دەستهێنا".

گوتیشی: "هەرچەندە نمایشی ئێمە بە زمانی کوردی بوو، بەڵام چونکە ئێمە لەسەرتابلۆ کاردەکەین، زۆربەی ئامادەبووان تەواو لە پەیامەکەمان تێگەیشتبوون".

مۆنۆدرامای "وەك قەقنەس دەسوتێم" لە دەرهێنانی گەزیزە عومەر و دەرهێنانی نەژاد نەجم، تائێستا بەشداری لە 17 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کردووە.

هەوار فارس لەکاتی نمایش
هەوار فارس لەکاتی نمایش

نەژاد نەجم، دەرهێنەری مۆنۆدرامای وەك قەقنەس دەسوتێم، بە کوردستان24ی رایگەیاند: "فێستیڤاڵی شانۆی تەرابلوس لە لوبنان خولی یەکەمی بوو، هەشت وڵات بەشداریان تێدا کردبوو، کە یەکێک لە گرووپەکان ئێمە بووین وەک گرووپی شانۆی هەوار بە نوێنەرایەتی کوردستان و عێراق بەشداربووین".

رشیگەیاند: "جگە لە نمایشکردنی مۆنۆدرامای وەك قەقنەس دەسوتێم بەشداریمان لە چەند وۆرگشۆپێک کرد کە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا رێکخرابوون".

فێستیڤاڵی شانۆی تەرابلوس لە لوبنان لە 27ی ئابی 2022 دەستیپێکرد و چوار رۆژ بەردەوام بوو، جگە لە نمایشی چەند شانۆیەک ژمارەیەک چالاکی دیکەش ئەنجامدران.

هەوار فارس لەکاتی وەرگرتنی خەڵات لەگەڵ باشترینەکانی فێستیڤاڵ
هەوار فارس لەکاتی وەرگرتنی خەڵات لەگەڵ باشترینەکانی فێستیڤاڵ