لە ریزبەندی گەورەترین ئابووری وڵاتان هیندستان پێش بەریتانیا دەکەوێت

ئابووری هیندستان
ئابووری هیندستان

K24  - هه‌ولێر:

بە گوێرەی پێشبینییەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، بەهۆی خێرایی گەشەی ئابوورییەکەی، هیندستان لە ریزبەندی گەورەترین ئابووری وڵاتانی جیهان پێش بەریتانیا دەکەوێت دێتە ریزبەندی پێنجەم، کە ئێسا لە دوای هەریەکە لە ژاپۆن و ئەڵمانیا و چین و ئەمیکا دێت.

بەر لە دەیەیەک هیندستان لە ریزبەندی 11ـەیەمین دابوو، بەڵام دواتر بەهۆی خێرایی گەشەکەی ساڵ لە دوای ساڵ لە ریزبەندییەکەی پێشکەوتووە.

بەهۆی ئەو ریکۆردە نوێیە لە گەشەکردنی ئابووری لە وەرزی دووەمی ئەمساڵ شکاندوویەتی واتە لە مانگی نیسان تاوەکو مانگی حوزەیران کۆی گەشەی ئابووری هیندستان بە رێژەی سەد 13.5 گەشەی کردووە، بەمەش خێراترین گەشەی لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکردووە.

ئەو داتایەش بە گوێرەی هاوکێشەیەکی ئاژانسی بلوومبێرگە کە پشتی بە داتاکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بەستووە، کە بە گوێرەی ئاڵووگۆڕی دراو قەبارەی ئابووری هیندستان لە رووی قەبارەی نەختینەییەوە گەیشتووەتە 854.7 ملیار دۆلار لە کاتێکدا قەبارەی ئابووری بەریتانیا گەیشتووەتە 816 ملیار دۆلار.