تارا رەسوڵ کاندیدە

"هونەرمەند هەستێکی جوانتری هەیە و دەتوانێت باشتر خزمەت بکات"
تارا رەسوڵ
تارا رەسوڵ

K24 - ستۆکهۆڵم

تارا رەسوڵ، لەگەڵ ئەوەی هونەرمەندێکی دیاری کوردە ئێستا لە دادگای باڵای ستۆکهۆڵم کار دەکات، لەناو پارتی سۆسیال دیموکراتیش کەسایەتییەکی دیاری هەیە و بۆ ئەنجومەنی شارەوانی ستۆکهۆڵم کاندیدە.

رینکەبی بەناوبانگترین شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانە لە ستۆکهۆڵم، بووەتە جێگەی بانگەشەی پارتەکانی سوید بۆ هەڵبژاردن. تارا رەسوڵ و هاوکارانی لە پارتی سۆسیال دیموکرات چوونەتە ئەوێ بۆ کۆکردنەوەی دەنگی دەنگدەران، تارا گەشبینە کە دەتوانێت دەنگی پەنابەرانی ناوچەکە بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی پلەکانی ناو سیاسەت ببڕێت.

تارا رەسوڵ، بە کوردستان24ی گوت: "لە ستۆکهۆڵم لەناو دادگا کار دەکەم، هەر کوردێک پێویستی بە زانیاری من بووبێت توانیومە هاوکاری بکەم، وەکو ژنێکی کورد هەوڵمداوە ئەو ژنە کوردانەی لە ماڵەوەن کارناکەن بیانهێنمە دەرەوە و کاربکەن".

تارا پلان و پڕۆژەی تایبەت بەخۆی بۆ پێشخستنی هەموو سێکتەرەکان لە ستۆکهۆڵم هەیە. هاوکات لە پاڵ ئەوەشدا دەیەوێت خزمەت بەپرسی کورد. ئەو دەڵێت: "ئامانجی من باشترکردنی ستۆکهۆڵمە ئەگەر لە هەڵبژاردن سەرکەوین کار لەسەر باشترکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و رەوشی بەساڵاچووان دەکەین".

زۆرترین پرسیار کە رووبەڕووی تارا دەکرێتەوە ئەوەیە، بۆچی ئەو کاتێک لە بواری هونەری کار دەکات، رێگەی سیاسەتیشی گرتووەتەبەر، کە  زۆرجار وەک رەخنەیەکیش ئاراستەی کراوە، لەوبارەوە تارا رەسوڵ، گوتی: "زۆر پێچەوانەی ئەو بۆچوونەم، چونکە من پێموایە هونەرمەند هەستێکی جوانتری هەیە و دەتوانێت باشتر خزمەت بکات، ئامانجی منیش تەنیا خزمەتکردنە، بۆیەشە هونەر و سیاسەتم تێکەڵ کردووە".