عه‌لی حوسێن: كێشه‌كانی عێراق كێشه‌ی سه‌رۆك كۆمار نه‌بووه

K24 – هه‌ولێر:
پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتوونه‌ته "تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش" له باره‌ی پرسه جێناكۆكه‌كانی نێوانیان و به "كاندیدێكی هاوبه‌ش" ده‌چنه‌وه بۆ به‌غدا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، عه‌لی حوسێن، له گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، بابه‌تی سه‌رۆك كۆمار، نه‌بووه‌ته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، دوای ته‌واوبوونی مه‌راسیمه‌كانی چله‌ی پێشه‌وا حوسێنی كوڕی عه‌لی، هه‌وڵه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ چڕ بكرێنه‌وه.
نزیكه‌ی ساڵێكه هه‌ڵبژاردنی گشتیی له عێراقدا كراوه، به‌ڵام په‌رته‌وازه‌یی ناو ماڵی شیعه و رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه كوردییه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، پرۆسه‌ی سیاسی عێراقی به‌ره‌و تونێلێكی داخراو بردبوو.
دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی و سوننه‌كان كردبووی، ئیدی هه‌ریه‌ك له پارتی و سوننه‌كان ده‌ستیان واڵایه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به رێككه‌وتن له باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.
كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، دوای ئه‌وه داده‌مه‌زرێت، كه سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ له هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به ئاماده‌بوونی دوو له‌سه‌ر سێی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردرێت.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، یه‌كه‌م هه‌نگاوی كرانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقه به رووی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌و پێیه‌ی سه‌رۆك كۆماری نوێ له ماوه‌ی 15 رۆژدا كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ راده‌سپێرێت.
راسپاردنی كاندیدی كوتله‌ی زۆرینه، دوای ئه‌وه دێت، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، بڕیاریان داوه، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، پرسوڕایان له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در كردووه.
ره‌وتی سه‌در، پێشتر به نیاز بوو، وه‌ك كوتله‌ی زۆرینه به هاوپه‌یمانی پارتی و سوننه‌كان حكومه‌ت پێكبهێنێت، به‌ڵام دوو له‌سه‌ر سێی نوێنه‌ران كۆنه‌بوونه‌وه و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بوونه زۆرینه‌ی په‌كخه‌ر و رێگریان له پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی سه‌در گرت، كه له ژێر درووشمی "نه خۆرهه‌ڵاتی و نه خۆرئاوایی، حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی" ده‌یویست پێكیبهێنێت.
بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌لی حوسێن، ئاشكرای كرد، پارتی و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له گفتوگۆدان.
گفتوگۆكانیش به‌و ئاراسته‌یه‌ن، كه لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تێگەیشتنیان بۆ تێبینی و داخوازییەکانی کورد هەیە و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، كه بۆ كێشه‌كانی سنووری مادده‌ی سه‌د و چل و كه‌ركووك، شنگال، یاسای نه‌وت و گاز، ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم، دارایی و پشكی هه‌رێم له بودجه‌دا، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ره ده‌ستوورییه‌كان، ئه‌مه ئه‌و زانیارییه بوو، عه‌لی حوسێن، له میانی به‌رنامه‌ی "باسی رۆژ"ی كوردستان24، ئه‌مشه‌و خستییه‌ڕوو.
عه‌لی حوسێن له باره‌ی پرسی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه، باسی له‌وه كرد، پارتی پێشتر تێبینی هه‌بووه، له‌سه‌ر پۆسته‌كه، چونكه پێی وایه ئه‌و پۆسته سیادییه پێویسته بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان سوودی هه‌بێت، هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا هه‌ردوولایه‌نی پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم و ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان به‌یه‌ك كاندیدی هاوبه‌ش بچنه به‌غدا.
وتیشی: كێشه‌كانی عێراق، هیچ كاتێك كێشه‌ی په‌یوه‌ست سه‌رۆك كۆمار نه‌بووه، پێم وانییه ئه‌وه كێشه بووبێت، راسته پارتی و یه‌كێتی تێگه‌یشتنیان جیاوازه، به‌ڵام كێشه‌ی عێراق زۆر له‌وه گه‌وره‌تره له پۆستی سه‌رۆك كۆمار كورت بكرێته‌وه.
كورتكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له پۆستی سه‌رۆك كۆماردا، سیاسه‌تی میدیایی به‌شێك له لایه‌نه شیعه‌كان بووه له رابردوودا، به‌و پێیه‌ی نه‌بوونی كاندیدی هاوبه‌شی كوردیان به "گه‌وره‌ترین" به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ناوده‌برد، به‌ڵام لایه‌نه كوردییه‌كان وه‌ك عه‌لی حوسێن، ئاماژه‌ی پێدا، پێیان وایه "كێشه گه‌وره‌كه له ناو ماڵی شیعه بووه، نه‌ك كورد".
لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌تی لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم، بۆچوونیان له باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه‌وه جیاوازه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی جه‌ختیكرده‌وه، پێویسته به گفتوگۆی نێوانیان رۆڵیان هه‌بێت له پرۆسه سیاسییه‌كه‌ی عێراق و وتیشی: بۆ ئێمه به‌غدا گرنگه، وه‌ك چۆن بۆ شیعه و سوننه‌ش ده‌ركه‌وتووه، كه هه‌رێمی كوردستان گرنگه و ده‌بێت رۆڵ و پێگه ده‌ستوورییه‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگیرێت.
"له‌به‌رچاوگرتنی به‌رپرسیارێتی مێژوویی"، یه‌كێكه له‌و پاساوه به‌هێزانه‌ی عه‌لی حوسێن، جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی بگه‌نه رێككه‌وتنی كۆتایی و بڕیار بده‌ن، كێشه‌كان به بنبڕانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پۆستی پارێزگای كه‌ركووك، كه یه‌كێتی به به‌ركه‌وته‌ی خۆی ده‌زانێت، یه‌كێكه له بابه‌ته جێباسهكانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، به‌ڵام عه‌لی حوسێن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نكۆڵی له رۆڵ و پێگه‌ی یه‌كێتی له كه‌ركووك نه‌كرد، به‌ڵام وتیشی: ئه‌و پۆسته مافی كورده، ئێمه پێمان وایه، ده‌بێت له باره‌یه‌وه گفتوگۆ بكه‌ین و چاره‌سه‌رێكی گونجاوی بۆ بدۆزینه‌وه، چونكه دواجار ئه‌و پۆسته تاپۆ نه‌كراوه له‌سه‌ر یه‌ك لایه‌نی دیاریكراوی سیاسی و به‌ركه‌وته‌ی كورده.
كورد، له باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ره‌وته سه‌ره‌كییه سیاسییه‌كانی شیعه‌وه بڕیاری داوه ده‌ستوه‌ردان نه‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌لی حوسێن باسی كرد، به‌ڵام سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كورد پێویستی به به‌غدایه و له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا له گفتوگۆدا ده‌بێت، كه حكومه‌ت پێكده‌هێنێت، ئه‌مه مافێكی ئاسایی هه‌ر لایه‌نێكی پرۆسه‌ی سیاسییه.
پرۆسه سیاسییه‌كه‌ی به‌غدا ئه‌گه‌ر هه‌ست به ترووسكایهك بۆ كارابوونهوهی بكرێت، ئه‌وا بۆ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ترووسكاییه به گرنگ ده‌زانرێت، به‌و پێیه‌ی واده‌ی په‌رله‌مان به‌ره‌و كۆتاییه و پێویست بوو له سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی بۆ شه‌شه‌م خولی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام داواكارییه‌كان بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و به‌سه‌رچوونی ماوه‌ی كارپێكردنی یاسای كۆمیسیۆن و داواكاری بۆ گۆڕینی پێكهاته‌ی كۆمیسیۆن و هێنانه به‌رباسی سیستمی هه‌ڵبژاردن و گۆڕانكاری تێیدا، پرۆسه‌كه‌ی په‌كخستووه.
په‌كخستنی پرۆسه‌كه له كاتێكدایه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق هۆشداریان له لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و چه‌قبه‌ستووییه سیاسییه داوه و هه‌وڵه‌كانیشیان تا ئێستا بێ ئاكام ماونه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی هێشتا لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه بگه‌نه تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه‌وه.
بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه، عه‌لی حوسێن رای وایه، ده‌كرێت به گفتوگۆ هه‌موو لایه‌ك بگه‌نه تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و رێكبكه‌ون. وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: ئێستا ده‌رفه‌ت نییه یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه، ده‌كرێت سیستمی هه‌ڵبژاردن ده‌ستكاری بكرێت، بكرێته نیوه بازنه‌یی و نیوه فره بازنه‌یی، به‌ڵام روونی نه‌كرده‌وه، به چ میكانیزمێك ئه‌و جۆره سیستمه داده‌ڕێژرێت. روونیشیكرده‌وه، پارتی وه‌ك حزبێكی سیاسی له هه‌ردوو جۆری سیستمی هه‌ڵبژاردن براوه بووه و كێشه‌ی نییه، به‌ڵام كاتی وروژاندنی ئه‌و پرسه نه‌گونجاوه.