رادیۆی فه‌ردا: مێرمنداڵ لەناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دان

بوونی کەسانی خوار تەمەنی یاسایی لە ناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا
بوونی کەسانی خوار تەمەنی یاسایی لە ناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا

K24 – هەولێر

لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و هەوڵی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، چەندین وێنە و ڤیدیۆی کەسانی خوار تەمەنی یاسایی کە لە ناو ریزی هێزە ئەمنییەکاندان، بڵاوبووەتەوە.

بەشێک لە میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران و لەوانە (رادیۆ فەردا)، هەژماری تویتەری (1500 وێنە) کە وێنە و ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکانی ئێران بڵاودەکاتەوە و چەندین هەژماری دیکەش، راپۆرت و وێنەی "منداڵە سەرکوتکارەکان"ـیان بڵاوکردووەتەوە.

ئامادەبوونی مێرمنداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە ناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەندین راپۆرت لەبارەی "ماندوویی" و "کەمی هێز" لە ناویاندا.

لەو چەند رۆژەی رابردوودا، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی پارێزگای گیلانی ئێران بە ئاژانسی دەنگوباسی (گیل خەبەر)ـی گوتبوو: ئەگەر لە پارێزگاکانی دیکەوە هێزیان بۆ ئیمە نەناردبا، ئاژاوەگێڕەکان سەردەکەوتن، بەڵام ئێستا پارێزگاکانی دیکەش تووشی ئەو کێشەیە بوونە، کەمیی هێز زۆر مەترسیدارە.

هەڵبەت ئەو لێدوانە کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی، بە تەواوی لە ناو ئاژانسەکەدا لادرا. 

چاوپێکەوتنی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی پارێزگای گیلان لەگەڵ ئاژانسی گیلخەبەر
چاوپێکەوتنی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی پارێزگای گیلان لەگەڵ ئاژانسی گیلخەبەر

خۆپێشاندەران بە هۆی ژمارەزۆریان، لە زۆربەی ناوچەکانی تاران، قوم و رەشت پاشەکشەیان بە هێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئەوە یەکەم جار نییە کە وێنە  و راپۆرت لەبارەی بوونی مێرمنداڵ لە ناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا بڵاودەبێتەوە.

چاودێری مافی مرۆڤ لە ساڵی 2018 سەلماندی کە مێرمنداڵ لە ناو هێزی (فاتمیون)ـی ئێراندا هەیە و ئەو کارەی سەرکۆنەکرد و هەروەها مردنی چەندین مێرمنداڵی 14 ساڵانی لە ناو شەڕی سووریادا ئاشکرا کرد.

لەلایەکی دیکەوە بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاوبووەتەوە، لە میانەی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا 550 هەزار قوتابی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کراون. لەو ژمارەیە 36 مێرمنداڵ کوژراون، دوو هزار و 853 بریندار و کەمئەندام بوونە و دوو هەزار و 433 مێرمنداڵیش بەدیل گیرابوون.

وێنەی چەند مێرمنداڵێک لەناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێران
وێنەی چەند مێرمنداڵێک لەناو ریزی هێزە ئەمنییەکانی ئێران