دڵشاد سەعید خەڵات کرا

جان دۆست و دڵشاد سەعید
جان دۆست و دڵشاد سەعید

K24 – هەولێر

دڵشاد سەعید، هونەرمەند و میوزیکژەنی کورد، خەڵاتی هونەرمەندانی عەفرینی (جەمیل هورو و باوکی سەلاح)ـی بۆ داهێنانی هونەری کوردی، پێبەخشرا.

لە یادی هەر دوو هونەرمەندی کۆچکردووی دەڤەری عەفرین (جەمیل هورو و باوکی سەلاح)، شەوی یەکی تشرینی یەکەم، لە شاری بۆنی ئەڵمانیا و بە بەشداری رۆشنبیر و نووسەر و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، دووەم رێوڕەسمی خەڵاتی (جەمیل هورو و باوکی سەلاح) بەڕێوەچوو.

عینایەت دیکو، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری رێوڕەسمەکە بە کوردستان24ی گوت: خەڵاتەکە لەلایەن رۆژنامەنووس، جان دۆست، پێشکەش بە دڵشاد سەعید کرا، ئەمەش بۆ رێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوونی بۆ خزمەت بە هونەر و میوزیکی کوردی.

لە فێستیڤالەکەدا چەندین چالاکی جیا بەرێوەچوون، لەوانە پێشکەشکردنی میوزیکی وەلید هەموت و چەند پارچەیەکی دیکە، خوێندنەوەی شیعر، شانۆی بێدەنگ لەلایەن شانۆکار ئەکرەم گیرو، سەما و هەڵپەڕکێی کوردی. هەروەها چەندین تابلۆی شێوەکاران جیهان ئیبراهیم و مەلەک موختار و عینایەت دیکۆی کاریکاتێریست.

خەڵاتی (جەمیل هورو و باوکی سەلاح)

ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار خەڵاتی (جەمیل هورو و باوکی سەلاح) راگەیەندرا و بەو هونەرمەندانە دەدرێ کە خزمەتی زۆریان بە هونەری کوردی کردووە. لەو ساڵەدا، یەکەم خەڵات بە نیزامەدین ئاریج پێشکەش کرا.

جەمیل هورو (1934-1989) و باوکی سەلاح (1952-2016) دوو هونەرمەندی ناوداری رۆژئاوای کوردستانن لە بواری مەقام و گۆرانی کلاسیکی کوردی و لە هەر چوار پارچەی کوردستان ناسراون و رۆڵی گەورەیان لە پاراستنی هونەری کوردیدا هەبووە.  

لەبارەی دڵشاد سەعید

ساڵی 1958 لە شاری دهۆک لەدایکبووە. دوای ئەوەی بەشی میوزیکی لە بەغدا تەواو کرد، لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئەو شارەدا دەستبەکار بوو. ساڵی 1979 گرووپی میوزیکی دهۆکی دامەزراند.

ئەو هونەرمەندە، لە نێوان ساڵانی 1984 تا 1988 لە زانکۆی وێڵز، درێژەی بە خوێندندا و بڕوانامەی ماستەری وەرگرت. ساڵی 1991 لە نەمسا نیشتەجێبوو و لە زانکۆیەکی ئەو وڵاتە، وانەی میوزیک دەڵێتەوە. ساڵی 2015 هەر دوو سیمفۆنیای پێشمەرگە و شنگالی دانا.