سوودانی: رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کاری لەپێشینەمانە
K24 - ههولێر:
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە دەستبەرداری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران نابن و رێگەش نادەن سامانی عێراقییەکان بەهەدەر بدرێت.
ئهمڕۆ یهكشهممه 16ـی تشرینی یهكهمی 2022، لەبارهی دیارنهمانی 3.7 ترلیۆن دینار لە بانکی رافیدەین، محەمەد شیاع سوودانی لە تویتێکدا نووسیویەتی، سڵ ناکەنەوە لە رێوشوێنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە کاریگەری بەسەر تەواوی جومگەکانی وڵات و دامەزراوەکانەوە هەبووە.
سوودانی دووپاتیشی دەکاتەوە کە دۆسیەی گەندەڵی کاری لەپێشینەی کارنامەیانە و رێگەش نادەن پارەی عێراقییەکان بە هەدەر بدرێت، وەک ئەوەی لە دەستەی گشتی باجەکانی سەر بە بانکی رافیدەین روویداوە.
ئهم تویتهی سوودانی لهكاتێكدایه، ئهمڕۆ یهكشهممه موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە تاڵانبردنی سامانی دەستەی گشتی باج و راکێشانی 3.7 ترلیۆن دینار لە بانکی رافیدەین بە ئاسانی تێناپەڕێت و لە چەند رۆژی داهاتوو هەڵوێستی تووندیان دەبێت.
پرسی دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقی لە بانکی رافیدەین کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تشرینی یهكهمی 2022، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، پێشتر لێکۆڵینەوەیان لەو دۆسییەدا کردووە و لە ئێستادا خراوەتە بەردەم دادگا کە نووسراوی وەزارەتی دارایی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتر دادگا فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ بەرپرسانی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەرکردووە سەبارەت بە هەبوونی ئەو کەلێنانەی کە بوونە هۆی بردنی ئەو بڕە پارە زۆرەیە و ئەو ئابڕووچوونە لە دارایی گشتی".
هەروەها دەستەکە داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنی ئەو نووسراوە بکات بۆ میدیاکان، کە رۆژی پێنجشەممە لە کۆتایی دەوامی فەرمی بڵاوکراوەتەوە.