ڤیان سه‌بری: سه‌رۆك بارزانی ناوی وه‌زیرانی پارتی بۆ حكومه‌تی داهاتووی عێراق دیاریده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند تاوه‌كو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ متمانه‌به‌خشین به كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق دیارینه‌كراوه و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، سه‌رۆك بارزانی ناوی وه‌زیرانی پارتی بۆ حكومه‌تی داهاتووی عێراق دیاریده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (22ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان24ی راگه‌یاند، هیچ كاتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ متمانه‌به‌خشین به كابینه‌كه‌ی سوودانی دیارنییه و به‌دووریشی زانی رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كۆببێته‌وه.
زیاتر گوتی، پێویسته 72 كاتژمێر پێش واده‌ی دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێ و زانیاری له باره‌ی كاندیده‌كان بگاته ده‌ستی په‌رله‌مانتاران به مه‌به‌ستی تاووتوێكردن پێش به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، مه‌رج نییه كابینه‌كه‌ی سوودانی له یه‌ك دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا یه‌كلایی بكرێته‌وه، هاوشێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی متمانه‌به‌خشین به كابینه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی و مسته‌فا كازمی، به چه‌ند جارێك متمانه به هه‌موو كابینه‌كه‌یان درا.
سه‌باره‌ت به پرسی دابه‌شكردنی پۆسته وه‌زارییه‌كانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق له نێوان پارتی و یه‌كێتیدا، ڤیان سه‌بری روونیكرده‌وه، دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌پێی خاڵبه‌ندی و به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، به‌هۆی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه، زۆرترین پۆستی وه‌زاری له پشكی كورد بۆ پارتی ده‌بێت.
ڤیان سه‌بری، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بۆ پارتی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانی گرنگتره له‌وه‌ی چ پۆستێك وه‌رده‌گرێت و گوتیشی، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی له‌نێوان لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌یه كه پرسه چاره‌نووسسازه‌كان و داخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان تێدا جێگیركراوه، پێویسته له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانیشدا ره‌نگبداته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به گرنگییه‌وه باسی له به‌شداریكردنی پارتی له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق كرد بۆ پاراستنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوون له داڕشتن و پێكه‌شكردنی پرۆژه‌یاساكان.
له‌باره‌ی كاندیده‌كانی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاری له كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، سه‌رۆك بارزانی ناوی وه‌زیرانی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆسته وه‌زارییه‌كان له كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق دیاریده‌كات و تاوه‌كو ئێستا به فه‌رمی له‌ناوی هیچ كاندیدێك ئاگادارنه‌كراونه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی، ناكۆكی له‌نێوان پێكهاته‌كانی شیعه و سووننه له‌باره‌ی جۆر و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ش له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان تاوه‌كو ئێستا ه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی.
ڤیان سه‌بری جه‌ختیشی له‌سه‌ر گرنگی كاركردنی به‌رپرسانی كورد له به‌غدا وه‌كو یه‌ك تیم و بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان نوێنه‌رانی كورد له حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرده‌وه بۆ زیاتر خزمه‌تكردن و به‌رگریكردن له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا.
رۆژی پێنجشه‌ممه (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه به پێنجه‌مین سه‌رۆك كۆماری عێراق له دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، هه‌ڵبژێردرا.
دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، راسپێردرا.