گرووپی میۆرزی شنگال بە بەرگێکی نوێ گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەڵێنەوە

K24 - هەولێر
گرووپی میرزۆی شنگالی، لە 7 هونەرمەندی گەنج پێکهاتوون لە شاری هەولێر کۆنسێرتێکی میوزیکیان ئەنجامدا، کە تءیدا گۆرانییە فۆلکلۆریەکانی دەڤەرەکەیان بە شێوازێکی نوێ دەگوتەوە و خەڵکێکی زۆریش لە ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان کرد.
نورا یاسین، ئەکێکە لە ئەندامانی گرووپەکە و بە کوردستان24ی گوت: "یەکێکم لەو کچانەی لە کارەسات (فەرمان) رزگارم بووە، دڵخۆشم بەوەی کە کولتووری خۆمان دەپارێزین، پێچەوانەی ئەوەی بەسەرمان هاتووە تێدەکۆشین، دەمانەوێت بڵێین، ئێمە تەنها بۆ قوربانی و لەناوبردن نین".
گرووپی میرزۆی شنگالی، 18 گۆرانی و سترانی دەڤەرەی شنگال و بەشێک لە دەڤەرەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هاتنە گوتن، هەر یەکێک لە گۆرانی و ئاوازەکان دەربڕی چیڕۆکێک و ئازارێکی خەڵكی شنگالی دەگێڕایەوە، رۆحێکی نوێیان بە گۆرانییە کۆنەکان داوەو بەشداربووێکی زۆریش لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیان لە کۆنسێرتی ئەم گرووپە کرد و تێکەڵ بە دونیای هونەری ئەوان بوون.
گرووپی میرزۆی شنگالی لە ساڵی 2017ـەوە لە لایەن چەند هونەرمەندێکی گەنجێک لە شنگال دامەزراوە، ساڵانە چەندین چالاکی میوزیکی و کۆنسێرت لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن، بۆ یەکەمجارە هونەرەکەیان هێنایە شاری هەولێر و لە فێرگەی فرێمینگ چەندین بەرهەمیان پێشکەش کرد.