فیلمى دراوسێ لە فێستیڤاڵى فیلمى کوردى هامبۆرگ دەبێت

K24 - هەولێر

بڕیارە لە رۆژانى (26 تا 31)ى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵ، فێستیڤاڵى فیلمى هامبۆرگ بەڕێوە بچێت، کە تێیدا فیلمى دراوسێ، لە دەرهێنانى مانۆ خەلیل بەشدارە.

فۆتۆگرافەر رەوەند جەواد، ئەندامى راگەیاندنی 13هەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا راگەیاند: فێستیڤاڵەکە لە ژێر دروشمی ( ژن ژیان ئازادی) دەبێت، سەرەتای دەسپێک بە موزیک و گۆرانی کوردی لەلایەن گۆرانبێژی کوردی باکوورى کوردستان هەڤرون دەبێت و کاتژمێر (06:00)ى ئێوارەى رۆژى (26ى 10ى 2022)، بە کاتى ئەوروپا دەستپێدەکات.

ئەمساڵ دەرگای فێستیڤاڵەکە پیشاندانى فیلمی دراوسێ دەکرێتەوە کە لە دەهێنانى مانۆ خەلیل دەرهێنەرى کوردى رۆژئاوایە.

فێستیڤاڵەکە رۆژانە بە نمایشکردنى چوار فیلم درێژە بە کارەکانى دەدات.

لە فێستیڤاڵەکەدا لە کۆى 28 فیلم، 10 فیلمى دیکیۆمێنتارى و 11 کورتەفیلم و 2 فیلمى ئەنیمەیشن لە پڕۆگرامەکەدا بەشداریان پێدەکرێت.

پانێیڵێکیش سەبارەت بە کوشتن و مافی مرۆڤ دەبێت، کە لەلایەن سینەماکاران وەیسی ئەڵتای و مەسود ئەڵپ، پێشکەش دەکرێت.