نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سوودانی: هێشتا وردبینی له ناوی وه‌زیره‌كان ده‌كرێت

K24 - هەولێر:
له چوارچێوه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ناوی ئه‌و كاندیدانه‌ی كه بۆ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق له میدیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه، بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر نه‌دراوه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێدراو، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ناوی كاندیدانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقی كه له میدیاكاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر نه‌دراوه.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هێشتا وردبینی له ناوه‌كان ده‌كرێت و كاری لیژنه تایبه‌ته‌كان بۆ دیاریكردنی وه‌زیره‌كان ته‌واو نه‌بووه.
رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه به سه‌رۆككۆماری نوێی عێراق، هه‌ڵبژێردرا.
دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆككۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، راسپێردرا.