ڤیان سه‌بری: كاندیدبوونی فوئاد حوسێن بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و خالد شوانی بۆ وه‌زاره‌تی داد یه‌كلایی بووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆكان له‌باره‌ی پۆستی وه‌زاریه‌كانی كابینه‌كه‌ی سوودانی به‌رده‌وامه و به‌دووریزانی متمانه به هه‌موو پۆسته وه‌زارییه‌كان له دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بدرێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان24، جه‌ختی له‌سه‌ر پشكی كورد له كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كرده‌وه كه چوار وه‌زاره‌ته.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق روونیكرده‌وه، له دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی سوودانی یه‌كلایی بكرێته‌وه و له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌یان پێبدرێت.
هه‌روه‌ها ڤیان سه‌بری ئاشكراشیكرد، تاوه‌كو له پشكی كورد پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ فوئاد حوسێن و پۆستی وه‌زیری دادی عێراق بۆ خالد شوانی یه‌كلایی بووه‌ته‌وه و دوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش تا ئێستا گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كرێت.
زیاتر گوتی، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و پلاندانان و داریی ده‌بنه جێگرانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و پۆستی جیاوازنابن له كابینه‌كه‌ی سوودانی.
وابڕیاره ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ متمانه به‌خشین به كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كۆببێته‌وه.
رۆژی پێنجشه‌ممه (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه به پێنجه‌مین سه‌رۆك كۆماری عێراق له دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، هه‌ڵبژێردرا و دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنیش، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راسپارد.