بنەتۆ بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆ بە نرخی پاڵپشتیکراو دەداتە جووتیاران

K24 - سلێمانی

لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی  كشتوكاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە دابەشكردنی بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دەكات، بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات، تێچووی هەرتۆنیك بنەتۆی گەنم، بەبڕی ملیۆنێك و 14هەزار و 750 دینار لەسەر حكومەتی هەرێم كەوتووتەوە، بەڵام بە 800  هەزار دینار بە نرخی پاڵپشتیكراو دەیدەنەوە بە جووتیاران.

لەگەڵ هاتنی وەرزی چاندنی  دانەوێڵەدا، وەک هەموو ساڵێک، جووتیاران خۆیان بۆ كێڵان و چاندنی بەرهەمەكانیان ئامادەدەکەن، کە ژمارەیەکیان ساڵانە بەڕێژەیەكی بەرچاو گەنم بەرهەم دەهێنن، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمی ئەمساڵیان زۆرتر و باشتر بێت، داوا دەکەن ئەو بنەتۆیەی پێیان دەدرێت جۆرێکی باش بێت، هاوکات حکومەت پاڵپشتی زیاتریان بکات.

لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستاندا ساڵانە رێژەیەكی بەرچاو بنەتۆ بەرهەم دەهێنرێت، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی،  لە ناوچەكانی قەڵادزێ‌، رانیە، سەیدسادق، شارەزوور، پیرەمەگروون و بنگرد بنەتۆوێکی باش چێندراوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویست نییە، هەرچەندە ئەمساڵیش وەزارەتی كشتوكاڵ بەرێژەی %20 كەمتر لە نرخی خۆی  بنەتۆ  دەداتەوە  بە جووتیاران.

رێژەی بنەتۆوی وەرگیراوی ئەمساڵ لە پارێزگاكانی  هەرێمی كوردستان  بەمشێوەیە بوو    :.

 پارێزگای هەولێر 1.800 تۆن

پارێزگای سلێمانی 2000 تۆن

لە پارێزگای دهۆك 1.800 تۆ

 لە ئیدارەی  گەرمیان 1.400 بنەتۆی گەنم وەرگیراوە .ئەم رێژانە لە ئاست خواستی پارێزگاكان بۆ بنەتۆ نییە، بە نموونە  پارێزگای سلێمانی ساڵانە پێویستی بە 20هەزار تۆن بنەتۆ بووە، بەڵام ئەم ساڵ تەنها 2 هەزارتۆن   بەرهەم هاتووە، وەزارەتی  كشتوكاڵیش لە  پلانیدایە  ساڵ بە ساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی بنەتۆ بەرزتر بكاتەوە، بۆ ئەوەی خواستی ناوخۆ  لە هەرێمی كوردستان پڕ بكاتەوە.