رەئیسی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ کۆبووەوە؛ خۆپێشاندان لە زانکۆکان بەردەوامە

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ
کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ

K24 – هەولێر

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە و زانکۆی بە "باشترین شوێن" بۆ گفتوگۆ وەسفکرد. ئەو قسانەی رەئیسی هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە ئێران و گەمارۆدانی چەندین زانکۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە (29ـی تشرینی یەکەم) ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران کۆبووە و باسی لە رووداوەکانی ئەمدواییە و خۆپێشاندانی قوتابیانی زانکۆکان کرد.

رەئیسی  رایگەیاند، زانکۆ باشترین شوێنە بۆ گفتوگۆ و خستنەڕووی رێگەچارە و گوتی: تێگەیشتنی تەواو لە پرسەکە، مەرجی سەرەکیی گفتوگۆکانە. ئەگەر پرسەکان بە باشی شینەکرێنەوە یان لە ژێر کاریگەری سۆشیال میدیا بێت، چارەسەرییەکان بەرەو کوێرەڕێ دەچن.

هەر لەو ئێوارەیەیدا کە سەرۆککۆماری ئێران قسەی بۆ مامۆستایانی زانکۆ دەکرد، چەندین زانکۆ و بەشە ناوخۆیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدران. لەو بارەیەوە چەندین ڤیدیۆ بڵاوبووەتەوە و لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێ کە هێزی ئەمنی لە ناو حەساری زانکۆ دان و قوتابییەکان لە ترسان خۆیان شاردووەتەوە. لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، قوتابییەک نیشاندەدرێ کە لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە پەلکێش دەکرێ و قوتابییەکەش بە هاوارەوە داوای یارمەتی دەکات.

ئەمڕۆش لە چەندین زانکۆی ئێران و لەوانە زانکۆکانی دەرمانسازی شیراز، زەنجان، زانکۆی نێودەوڵەتی قەزوین و مونتەزیری مەشهەد، قوتابیان خۆپێشاندانیان کرد.

هەروەها قوتابیانی کۆلێژی هونەری بوعەلی سینای هەمەدان بو سەرکۆنەکردنی هەڕەشە و دەرکردنی قوتابیان لە زانکۆکان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ دژ بە قوتابیانی زانکۆی سنە، کۆبوونەوە و مانیانگرت.