11 كورد خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی دانیمارك كاندیدكردووه‌

هه‌ڵبژاردنی دانیمارك
هه‌ڵبژاردنی دانیمارك

K24 - هه‌ولێر:

له‌ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی دانیمارك به‌ڕێوه‌ده‌چێت و 11 كورد به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كاندیدكردووه‌.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 30ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022)، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كۆپنهاگنی پایته‌ختی دانیمارك رایگه‌یاند، سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو 1ـی تشرینی دووه‌می 2022، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی دانیمارك به‌ به‌شداری 18 حزب و لایه‌نی سیاسی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

په‌یامنێری كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی دانیمارك 11 كورد به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ چه‌ند حزب و لایه‌نێكی جیاوازه‌وه‌ خۆیان بۆ په‌رله‌مان كاندیدكردووه‌، هه‌ندێكیان بۆ جاری دووه‌مه‌ خۆیان كاندید ده‌كه‌ن و پێشتر په‌رله‌مانتاربوون‌، هه‌ندێكی دیكه‌شیان بۆ جاری یه‌كه‌مه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانیانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی دانیمارك كاندید ده‌كرێن.

له‌نێو وڵاتی دانیماركدا ژماره‌یه‌كی زۆری كورد بوونیان هه‌یه‌ و ئه‌و كوردانه‌ی خۆیان بۆ په‌رله‌مان كاندیدكردووه‌، به‌سه‌ر هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا دابه‌شبوونه‌.

لەوبارەیەوە پەیامنێری کوردستان24 ئەوەی خستەڕوو، به‌ له‌به‌رچاو وه‌رگرتنی رێژه‌ی هاووڵاتییانی كورد له‌نێو ئه‌و وڵاته‌دا، كاندیده‌ كورده‌كان چه‌نسی ده‌رچوونیان زۆره‌.

لە ‌هه‌ندێك شوێن ده‌نگدانی پێشوه‌خته‌ به‌رێوه‌چووه‌ و به‌گوێره‌ی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، چه‌پڕه‌وه‌كان زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت جارێكی دیكه‌ چه‌پڕه‌وه‌كان ببنه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی دانیمارك.

په‌رله‌مانی دانیمارك له‌ 179 كورسی پێكدێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا حزبێكی چه‌په‌كان له‌نێو ده‌سه‌ڵاتدا كشایه‌وه‌، مێت فرێدریکسن, سه‌رۆكوه‌زیرانی دانیمارك داوایكرد هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ 1ـی تشرینی دووه‌می 2022 به‌ڕێوه‌بچێت.

كاندیده‌ كورده‌كان بریتین له‌: 

1- سێرداڵ بێنلی - پارتی کۆمەڵایەتی

2- هێلیم ئۆگوز - پارتی کۆمەڵایەتی

3- سازان جێرمیانی - پارتیی کەسک

4- ئاراز خان - پارتی چەپ

5- یڵدز ئاکدۆگان - سۆسیال دیموکراتی 

6- هێدی تامیز - پارتی چەپی ڕادیکاڵ

7- ئیسات سێنتەرۆرک - چەپی ڕادیکاڵ

8- جەمیل بۆزۆ - دیموکراتی مەسیحیەکان

9- ئیبراهیم بێنلی - لیستی یەکگرتوو

10- نیکلا باران - لیستی یەکگرتوو

11- لارس ئاسلان راسموسن - سۆسیال دیموکراتی