تابلۆیەک لە ئەڵمانیا 77 ساڵە بە سەراوبنی هەڵواسراوە

وێنه‌ی تابلۆكه‌
وێنه‌ی تابلۆكه‌

K24 - هه‌ولێر:

تابلۆیەک لە مۆزەخانەیەکی ئەڵمانیا، دوای 77 ساڵ دەرکەوت بە سەراوبنی هەڵواسراوە.

بەرپرسانی مۆزەخانەی دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، ئەو تابلۆیەی کە لەلایەن نیگارکێشی ئەبستراکتی هۆڵەندی پیت مۆندریانەوە کێشراوە و ماوەی 77 ساڵە لەو شوێنە هه‌ڵواسراوه‌، ده‌ركه‌وت بەشێوەیەکی هەڵە هەڵواسراوە.

رۆژی شەممە 29ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، لە مۆزەخانەی کونستاملونگ پێشانگەیەکی گەورەی نیگارکێشی هۆڵەندی کرایەوە، کە تێیدا تابلۆی " شاری نیویۆرک 1" نمایشکرابوو کە لە ساڵی 1941 کێشراوە، بەڵام مۆزەخانەکە ئەم هەفتەیە ئاشکرایکرد دەیان ساڵە بە پێچەوانەوە هەڵواسراوە.

تابلۆکە بریتییە لە هێڵی سوور و زەرد و شین کە بە گۆشەی راست لەسەر باکگراوندێکی سپی یەکتر دەبڕن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هێڵەکان لە سەرەوە یان خوارەوەی تابلۆکە بەپێی شێوازی هەڵواسینەکەی باریک دەبنەوە.

بۆ یەکەمجار ساڵی 1945 لە نیویۆرک نمایشکراوە کە ئەوکاتەش بەهەمان شێوە بە پێچەوانەوە دانراوە، ساڵی 1980 بۆ مۆزەخانەی دۆسڵدۆرف نێردراوە و لەوکاتەوە بە پێچەوانەوە هەڵواسراوە.

پیت مۆندریان لە ساڵی 1872 لە دایکبووە و ساڵی 1944 کۆچی دواییکردووە، لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی جوڵانەوەی هونەری هۆڵەندییە کە بە کێشانی هێڵی ئاسۆیی و ستوونی و رەنگە سەرەکییەکان بەناوبانگن.