یه‌كه‌مین كۆنفرانسی شانۆی شه‌قام له ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 – هه‌ولێر:
بە بەشداری شاره‌زایان و توێژه‌رانی بواری شانۆ و شانۆکارانی كورد، بڕیاره له رۆژانی (2 و 3ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022) یه‌كه‌مین كۆنفرانسی شانۆی شه‌قام له ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێوه‌بچێت.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، كۆنفرانسه‌كه له لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای سلێمانی/ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری ده‌ربه‌ندیخان، رێكده‌خرێت.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا، وێڕای تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به شانۆ و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی ڕه‌وتی هونه‌ری شانۆ له هه‌رێمی كوردستاندا، به به‌شداری ژماره‌یه‌ك میوزیكژه‌ن و گۆرانیبێژی كورد، كۆنسێرتێكی گۆرانی و میوزیك سازده‌كرێت.
كۆنفرانسه‌كه ماوه‌ی دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و تێیدا به مه‌به‌ستی پێشخستنی بواری شانۆی شه‌قام له هه‌رێمی كوردستاندا، گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌نجام و ڕاسپارده‌كانی كۆنفرانس ده‌كرێت.
خشته‌ی كاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه به‌م جۆره‌یه:
رۆژی یه‌كه‌م چوارشه‌ممه (2/11/2022)
* ده‌ستپێكردنی كۆنفرانس له كاتژمێر (02:00)ی دوای نیوه‌ڕۆ.
* وتاری به‌خێرهێنان له لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری ده‌ربه‌ندیخان پێشكه‌ش ده‌كرێت.
* وتاری قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان.
* پرۆمۆی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له ده‌ربه‌ندیخان (2010 - 2019).
* كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیك بۆ ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندان.
* پانێلی یه‌كه‌م: گرنگی شانۆی شه‌قام له ئێستادا.
* كۆڕێك به ناونیشانی "هونه‌ری شانواندن له پرۆسه‌ی نمایشدا" بۆ "د.فازڵ جاف". كۆڕه‌كه كاتژمێر (08:00)ی شه‌و له ئۆتێل "ده‌ربه‌ندپاڵاس" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

كاره‌كانی رۆژی دووه‌می كۆنفرانس پێنجشه‌ممه (3/11/2022):
* كاتژمێر (10:00)ی پێش نیوه‌ڕۆ، ده‌ستپێكی دووه‌م ڕۆژی كاره‌كان.
* به‌ڕێوه‌چوونی پانێلی دووه‌می كۆنفرانس له ژێر ناونیشانی "شانۆی شه‌قام و ئاڵنگارییه‌كانی له كوردستاندا".
* مه‌راسیمی كۆتایی و راگه‌یاندنی ڕاسپارده‌كانی كۆنفرانس.

