سامی یوسف حەزدەكات لەگەڵ خەڵكی ھەولێر نوێژ بكات

"زمانی كوردیی و خەڵكی كوردم خۆشدەوێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1cdea8ba-0e7b-4281-bc74-958285c10786/SamiYousifonKurds.ism/manifest

K24 - ئیستانبۆڵ

هونه‌رمه‌ندى ناوداری هونه‌ر و میوزیكى ئیسلامى سامى یوسف، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 دەڵێت: "زۆرم بەلاوە سەیرە كورد یەكێكە لە نەتەوەگەورەكانی جیھان و چەندین ساڵیشە شەڕی گەورەترین دووژمنی مرۆڤایەتی دەكات، كە داعشە، كەچی كورد دەچەوسێندرێتەوە و ستەمی لێدەكرێت. باس لەوەش دەكات لە بەرنامەیدایە سەردانی شاری ھەولێر بكات و شوێنە ئایینی و مزگەوتەكانی كوردستان بەسەربكاتەوە و لەوێ لەگەڵ خەڵك نزا بكات، دەربارەی كلیپە نوێیەكەشی كە بەزمانی كوردییە، دەڵێت: لە خۆشەویستیم بووە بۆ كورد نەك بە دەستھێنانی ھەواداران.

سامی یوسف گوتیشی: "شەرەفێكی بۆ من مەزنە بێمە ھەولێر لەوێ لە مزگەوت لەگەڵ كورد نزا بكەین، زمانی كوردیی و خەڵكی كوردم خۆشدەوێت، لە منداڵیەوە بە میوزیكی كوردی ئاشنام لەوكاتەوە تا گەورەبووم گوێم لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە".

دەشڵێت: "ھەست بە نیگەرانی دەكەم كە دەبینم گەلی كورد دەچەسێندرێتەوە، بۆ چەند ساڵە بەردەوامە بەداخەوە ھەندێك بەش لەم جیھانە ھەن پشتگوێ خراون نازانم ھۆكارەكە چییە؟، یان ئەم گەلە مەزنە رەتدەكرێتەوە لە كاتێكدا كورد خزمەتێكی گەورە بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەكات شەڕی تیرۆر دەكات، بە ویستی خوا كورد سەردەكەون و خودا ئاراستەیان دەكات، ھەمیشە ئەوەم دووپاتكردوەتەوە كە لەگەڵ گەلی كوردم، گەلی كوردم خۆشدەوێت من لەگەڵتانم".

سامی یوسف لەم لێدوانە تایبەتەدا بۆ كوردستان24 گوتی: "ئەو گۆرانەیەی بە زمانی كوردیم گوتووە لە پێناو كۆكردنەوەی ھەوادار نەبووە، بەڵكو ئەو كارە دەكەم كە باوەڕم پێیەتی نەك بە ئامانجی دارایی ئەو سروودەی لەسەر مامۆستامان محەممەد تۆمارم كرد باوەڕم پێی ھەبوو، ھەرچییەك دەیكەم بە تەواوی باوەڕ بوونەوە ئەنجامیدەدەم، ئەم سروودەشم ھاوخەمی من بۆ گەلی نیشاندەدات".