جووتیارانی كوردی گوندی په‌لكانه داوای گۆڕینی پارێزگاری كه‌ركووك ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
جووتیارانی كوردی گوندی په‌لكانه داوی گۆڕینی راكان جبووری، پارێزگاری كه‌ركووك ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر پارێزگای كه‌ركووك بگۆڕدرێت، هه‌موو كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌بن. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌ده‌ن، رۆژانه رێگریان لێده‌كرێت كار له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان بكه‌ن.
دوێنێ سێشه‌ممه 1ـی تشرینی دووه‌می 2022، زیاتر له 10 عه‌ره‌بی هاورده له گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك هێرشیان كرده سه‌ر جووتیارێكی كورد و برینداریان كرد، دواتر له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه جووتیاره كورده‌كه ده‌ستگیركرا.
له‌وباره‌یه‌وه، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2ـی تشرینی دووه‌می 2022، ژماره‌یه‌ك له جووتیارانی كوردی گوندی په‌لكانه له‌رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه داوایان له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كرد كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كاره كشتوكاڵییه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن و چیدیكه له‌لایه‌ن عه‌ره‌به هاورده‌كانه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر مۆڵك و خانووه‌كانیاندا نه‌گیرێت.
جووتیاره كورده‌كان پێیانوایه ئه‌گه‌ر راكان جبووری، پارێزگای كه‌ركووك بگۆردرێت، سه‌رجه‌م كێشه‌كانیان چاره‌سه‌رده‌كرێن و ئاماژه به‌وه‌ده‌ده‌ن، پارێزگای كه‌ركووك له‌پشت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی بهعهرهبكردنهوهوهیه كه له‌ناوچه‌كه‌یان هه‌یه، له‌وباره‌یه‌وه یه‌كێك له جووتیاره‌كان ده‌ڵێت: له‌ماوه‌ی رابردوودا هێزێكی ئه‌منی چووه‌ته سه‌ر ژماره‌یه‌ك ماڵی كه‌سوكارمان له گوندی په‌لكانه و پێیان گوتراوه، پێویسته كلیلی خانووه‌كانتان به ئێمه بده‌ن و نه‌هێننه‌وه نێو گونده‌كه.
یه‌كێك له جووتیاره‌كان له‌رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه داوای له سه‌رۆك بارزانی كرد به‌هانایانه‌وه بچێت و كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ربكات، چونكه به‌گوته‌ی جووتیاره‌كه رۆژانه له‌لایه‌ن عه‌ره‌به هاورده‌كانه‌وه رێگری له جووتیارانی كورد ده‌كرێت و دژایه‌تیان ده‌كرێت. راشیگه‌یاند: هێزه ئه‌منییه‌كان به ئێمه‌یان گوت، "پێویسته زه‌وییه‌كانتان له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی عه‌ره‌ب نیوهبكهن"، ئێمه‌ش قبوڵمان نه‌كرد، دواتر به ئێمه‌یان گوت، "ئه‌و هاووڵاتییه عه‌ره‌بانه هێنده باشن، تا ئێستا ئێوه‌یان نه‌كوشتووه".
جووتیارێكی گونده‌كه به كوردستان24ـی گوت: خۆمان سه‌ر به وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیی عێراقین، وه‌زاره‌ت پێمان ده‌ڵێت، "پێویسته كار له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانتان بكه‌ن و كاری كشتوكاڵ ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ن، توو و پێدوایستییه كشتوكاڵییهكانتان لێدهسێنینهوه." گوتیشی: كاتێك ده‌چینه سه‌ر زه‌وییه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانمان به‌ڕێبكه‌ین، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه دهستگیردهكرێین، وامان لێهاتووه نازانین چی بكه‌ین؟