مامۆستای میوزیك و ئاوازی كوردی "باكووری" كۆچی دواییكرد

مامۆستا باكووری (1928 - 2022)
مامۆستا باكووری (1928 - 2022)

K24 – هه‌ولێر:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد مامۆستا ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌مۆ، ناسراو به‌ "مامۆستا باكووری"، له‌دایكبووی (5ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 1928) دوای به‌سه‌ربردنی ته‌مه‌نێك له‌ خزمه‌تی ئاواز و هونه‌ر و میوزیكی كوردی له‌ ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانی مامۆستا باكووری

* له‌ (5ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 1928) له‌ قشڵه‌ی كۆیه‌، له‌ دایك و باوكێكی ئاشووری له‌دایكبووه‌. دایك و باوكی له‌ گوندی ساتیبه‌گ و خه‌راشكی سه‌ر به‌ شاری وانی باكووری كوردستان له‌دایكبوون و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا روویان له‌ باشووری كوردستان كردووه‌ و له‌ شاری كۆیه‌ گیرساونه‌ته‌وه‌.

* باكووری له‌ 1935 چووه‌ته‌ به‌ر خوێندن و له‌ 1946 قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌ كۆیه‌ ته‌واو كردووه‌.

* پۆلی چوار و پێنجی ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌یی له‌ هه‌ولێر ته‌واوكردووه‌.

* له‌ 1953 روو له‌ به‌غدا ده‌كات و له‌ كۆلیژی خانه‌ی باڵای مامۆستایان له‌ به‌شی زمانی ئینگلیزی وه‌رده‌گیرێت.

* له‌ به‌هاری 1952 له‌ به‌غدا ده‌چێته‌ ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا و له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی هونه‌رمه‌ندان عه‌لی مه‌ردان، ره‌فیق چالاك و ئه‌حمه‌د خه‌ڵیل ده‌نگی بۆ گۆرانیگوتن په‌سند ده‌كرێت.

* له‌ هه‌مان ساڵدا (1952) یه‌كه‌م گۆرانی (هەی مەلەنگێنە)ـی لە ئێزگەی كوردی بەغدا تۆمار كردووە.

* له‌ 1957 وه‌ك مامۆستای زمانی ئینگلیزی له‌ ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه‌، كه‌ خۆی پێشتر قوتابی بووه‌ تێیدا داده‌مه‌زرێت.

* دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌یه‌.

* له‌ 1957 له‌ رێی ئاهه‌نگگێڕانه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مامۆستا سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند كۆمه‌كی بۆ زیانبه‌ركه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی سلێمانی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆیه‌ و هه‌ولێر ئاهه‌نگیان به‌و هۆیه‌وه‌ گێڕاوه‌.

* له‌ 1961ه‌وه‌ راژه‌ی مامۆستایه‌تییه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر.

* ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌می چاپكراوی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌:

- چۆنێتی گۆرانی گوتن، وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیزییه‌وه‌.

- گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان، 3 به‌رگ و باسكردن له‌ ژیانی 47 هونه‌رمه‌ند له‌ 699 لاپه‌ڕه‌دا.

- چیرۆكی هه‌ندێ گۆرانی كوردیی ره‌سه‌ن.

- ته‌مه‌نێك گۆرانی و ئاواز و مۆسیقا و خۆشخوانی.

- تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ له‌ (1957 تا 2008).

- ئێزگه‌، مێژووی دامه‌زراندی ئێستگه‌ی رادیۆی به‌غدای عه‌ره‌بی و به‌شی كوردی.

- له‌ 2010 خه‌ڵاتی ماملێی له‌ لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ پێبه‌خشراوه‌.

- دامه‌زرێنه‌ری بنكه‌ی مقامه‌ له‌ شاری هه‌ولێر.

- به‌ر له‌ سێ رۆژ له‌ گێڕانی ئاهه‌نگی 95 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (2ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022) كۆچی دوایی كرد.

ئاماده‌كردنی: ئ.ر

مامۆستا باكووری
مامۆستا باكووری