وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق: نرخی كارتی مۆبایل هه‌رزان ده‌كه‌ین

K24 – هەولێر:
وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كن بۆ هه‌رزانكردنی كارتی مۆبایل.
هیام ئه‌لیاسری وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی عێراق، رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خه‌ریكی هه‌رزانكردنی كارتی مۆبایله.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل بۆ به‌های جارانی له‌به‌رده‌سته و له نزیكترین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی بوودجه‌ی ساڵی 2023، پڕۆژه‌كه ده‌خرێته‌ڕوو.
روونیشیكرده‌وه، خۆیان خاوه‌نی پڕۆژه‌ی هه‌رزانكردنی كارتی مۆبایلن، به‌و ئاراسته‌ی كه حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی بۆ یارمه‌تیدانی چینی هه‌ژاران كارده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ئاماده‌بوونی (253) په‌رله‌مانتار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی كارنامه و 21 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌خشی.
سوودانی پێشتر رایگه‌یاندبوو، تیمه‌كه‌ی پاڵپشتی له چینی هه‌ژاران ده‌كات و داواشیكردووه به زووترین كات بوودجه‌ی ساڵی 2023 ئاماده‌بكرێت.