توركیا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا راده‌گه‌یێنێت

"قه‌باره‌ی ئه‌و دانه‌وێڵه‌ی له‌ وڵاتی ئۆكرانیاوه‌ بۆ جیهان گواستراوه‌ته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 9.7 ملیۆن تۆن".
كه‌شتییه‌كی ئۆكرانی كه‌ دانه‌وێڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی باركردووه‌ | وێنه‌: AFP
كه‌شتییه‌كی ئۆكرانی كه‌ دانه‌وێڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی باركردووه‌ | وێنه‌: AFP

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیای راگه‌یاند و گوتی، "قه‌باره‌ی ئه‌و دانه‌وێڵه‌ی له‌ وڵاتی ئۆكرانیاوه‌ بۆ جیهان گواستراوه‌ته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 9.7 ملیۆن تۆن".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7ـی تشرینی دووه‌می 2022، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی خۆلوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، شه‌ش كه‌شتی باركراوی دانه‌وێڵه‌ به‌نده‌ره‌كانی ئۆكرانیایان به‌جێهێشتووه‌ و دانه‌وێڵه‌كه‌یان بۆ به‌نده‌ره‌كانی جیهان گواستووه‌ته‌وه‌، دوای به‌رده‌وامبوونی رێككه‌وتنامه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رووسیا و ئۆكرانیا به‌نێوه‌ندگیری توركیا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان واژووی له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی وه‌زیری به‌رگری توركیادا هاتووه‌: دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی دانه‌وێڵه‌كه‌، شه‌ش كه‌شتی باركراوی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا به‌نده‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته‌یان به‌جێهێشتووه‌، به‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌شتییانه‌ی به‌نده‌ری ئۆكرانیایان به‌جێهێشتووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 426 كه‌شتی و، قه‌باره‌ی ئه‌و دانه‌وێڵه‌ی له‌و وڵاته‌وه‌ بۆ جیهان گواستراوه‌ته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 9.7 ملیۆن تۆن.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌ناره‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 3ـی تشرینی دووه‌می 2022، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له‌باره‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداریكردنه‌كه‌یان له‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "مافی خۆمانه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ناده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا بكشێینه‌وه‌، له‌ئه‌گه‌ری پێشێڵكردنی ئه‌و گه‌ره‌نتییانه‌ی ئۆكرانیا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌كه‌ پێشكه‌شیكردوون."

له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر كه‌شتییه‌ رووسییه‌كان، پوتن داوای گه‌ره‌نتی له‌ ئۆكرانیا كرد كه‌ جارێكی دیكه‌ هێرش نه‌كاته‌وه‌ سه‌ر كه‌شتییه‌كانیان له به‌نده‌ری‌ سیڤاستۆپۆل له‌ ناوچه‌ی كریمیا.

سه‌رۆكی رووسیا روونیشیكرده‌وه‌، توركیا گه‌ره‌نتییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی پێداون كه‌ ئۆكرانیا جارێكی دیكه‌ هێرش ناكاته‌وه‌‌ سه‌ر كه‌شتییه‌كانیان له‌ به‌نده‌ری سیڤاستۆپۆل و به‌رده‌وام نێوه‌ندگیری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو رێككه‌وتننامه‌كه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2ـی تشرینی دووه‌می 2022، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی رووسیا بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداریكردنه‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتنامه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، رووسیا گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ی پێداون جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو رێككه‌وتنامه‌كه‌ و به‌م زووانه‌ جارێكی دیكه‌ هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.